Kasım İleri
23 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2021
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن ئەوەی ئاشکرا کرد کە کۆمپانیایەکی رووسی و دوو کەشتییان خستووەتە لیستی سزاوە کە پەیوەندییان بە پڕۆژەی هێڵی دووی نەوتی باکوور (Nord Stream 2)ەوە هەبووە.
ئەنتۆنی بلینکەن ئەوەی خستووەتەڕوو کە کۆپی نوێکراوەی راپۆرتی تایبەت بە پڕۆژەی هێڵی دووی نەوتی باکوور لە چوارچێوەی یاسای ٢٠١٩ی پاراستنی ئاسایشی ئەمنی وزەی ئەورووپا پێشکەش بە کۆنگرێس کراوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەربارەی راپۆرتەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە "لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە دوو کەشتی و کۆمپانیای ترانسادریا خراونەتە لیستی ئەو دامەزراوانەی لە پڕۆژەی هێڵی دووی نەوتی باکوور، رۆڵیان هەبووە. بەمشێوەیەش بەپێی یاسای ٢٠١٩ی پاراستنی ئاسایشی ئەمنیی وزەی ئەورووپا سزادەدرێن".
ئەنتۆنی بلینکەن جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەو راپۆرتە نیشاندەری دژایەتی ئەمریکا بۆ پڕۆژەی بۆری دووی نەوتی باکوور و پابەندییەتی بە یاسای ٢٠١٩ی پاراستنی ئاسایشی ئەمنیی وزەی ئەورووپا دووپات دەکاتەوە، نووسیوویشییەتی "وەک حکوومەتی واشنتۆن لەڕێی سەپاندنی سزاوە بەردەوامدەبین لە دژایەتیکردنی پڕۆژەی بۆری دووی نەوتی باکوور و لەوڕێیەشەوە کار دەکەین بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پڕۆژەکە لەسەر ئۆکراینا، هێڵی پێشەوەی ناتۆ و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، هەروەها لەگەڵ ئەڵمانیا و هاوپەیمانەکانی دیکەمان بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ وەستاندنی چالاکییە زیانبەخشەکانی رووسیا".