Kasım İleri
07 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2023
واشنتۆن – AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێر پرایس رایگەیاند، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، مارک میللی لە سووریا تەنها لەگەڵ سەربازانی ئەمریکا کۆبووەتەوە.
بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، جێفری فلەیک بۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بۆ ئەوەی روونکردنەوە بدات لەبارەی سەردانی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، مارک میللی بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتە بەرباس.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێر پرایس گوتی: "هەواڵی چوونی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، جێفری فلەیک بۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پشتڕاست دەکەمەوە. لەبارەی سەردانی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، مارک میللی بۆ سووریا پێویستە زانیاری لە وەزارەتی بەرگری وەربگیرێت، بەڵام ئەوەی من بزانم مارک میللی لە سووریا سەردانی سەربازانی ئەمریکای کردووە و تەنها لەگەڵ سەربازانی ئەمریکا کۆبووەتەوە".
نێر پرایس لە وەڵامی پرسیاری میدیاکارێکیشدا کە بۆچی ئەم سەردانە لەناکاوەی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا راگەیەندرا، گوتی: "ناوبراو دەتوانێت هەر کاتێک بیەوێت هێزەکانی ئەمریکا لە کوێ ئەرکدار بوون سەردانی ئەوێ بکات، سەردانەکەیشی بۆ سووریا بۆ ئەمە بووە".
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، جەنەراڵ مارک میللی سەردانی ئەو ناوچانەی کردبوو کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/پەکەکەوە لە باکووری سووریا داگیرکراون.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ئەرکانی ئەمریکا، دەیڤ باتلەر لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندبوو: "جەنەراڵ مارک میللی سەردانی باکووری سووریای کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ فەرماندە (ئەمریکییەکان) و یەکە سەربازییەکان کۆببێتەوە. زانیاریی نوێی لەبارەی ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی داعش وەرگرت، هێزەکانی بەسەرکردەوە و هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی ناو کەمپی هۆڵی بۆ وڵاتەکانیان هەڵسەنگاند".
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، جێفری فلەیک بانگهێشت کرا بۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بۆ ئەوەی روونکردنەوە بدات لەبارەی سەردانی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، مارک میللی بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.