Kasım İleri
11 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2021
واشنتۆن - AA
ئەمریکا و چین کە دوو پیشەسازیترین وڵاتی جیهانن و زۆرترین گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بەرهەمدێنن لە میانی کۆبوونەوەکانی لووتکەی گلاسگۆ دەربارەی خێراکردنی هەماهەنگییەکانیان بۆ رێگریکردن لە گۆڕانی ئاووهەوا گەیشتنە رێککەوتن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی هاوبەشی هەردوو وڵاتی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەمریکا و چین بەخۆشحاڵییەوە پێشوازییان لە هەوڵەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا کردووە و دانیان بەوەشدا ناوە کە لەنێوان هەوڵەکانی ئێستا و ئامانجەکانی رێککەوتننامەی پاریسدا بۆشاییەکی گەورە هەیە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەو بابەتانەی بڕیارە هەردوو وڵات تیایدا هەماهەنگی بکەن، بەم شێوەیە ریزبەندی کراوە "لە ساڵانی ٢٠٢٠دا، پێکهێنانی ستانداردی ژینگەیی و چوارچێوەی تایبەت بە کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان بەرزکردنەوەی ئاستی سوودوەرگرتنی کۆمەڵایەتی لە سەرچاوە خاوێنەکانی وزە؛ کەمکردنەوەی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و بەکارهێنانی ئەو رێگایانەی کە پشت بە سەرچاوەی کارەبایی دەبەستن، بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانەی کە دۆستی ژینگەن".
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە "ئەمریکا، ئامانجیەتی تا ساڵی ٢٠٣٥ ئەو سەرچاوە کارەباییانەی کە گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بەرهەمناهێنن، بگەیەنێتە سەدا سەد. چینیش پلانی وایە لە ماوەی پێنج ساڵدا، بەکارهێنانی خەڵووز کەم بکاتەوە و بۆ خێراکردنی ئەم کارەش هەموو هەوڵێکی دەخاتە گەڕ".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە هەردوو وڵات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵاتانی گەشەسەندوو لەڕووی ژینگەییەوە تا ساڵی ٢٠٢٥، بەهاوبەشی ١٠٠ ملیار دۆلار هاوکاری پێشکەش دەکەن.