Kasım İleri,Aoezan Khoshnaw Najmuldeen
08 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2023
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس بە پاساوی "مافی بەرگری لەخۆکردن"، پشتیوانی لەو پەلامارەی هێزەکانی ئیسرائیل کرد کە کردیانە سەر کەمپی ئاوارەکانی جەنین و لە ئاکامدا، شەش فەڵەستینی کوژران و ٢٦ی دیکەش برینداربوون.
نێد پرایس لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا، وەڵامی پرسیارێکی دایەوە دەربارەی پەلامارەکەی ئیسرائیل بۆسەر کەمپی ئاوارەکانی جەنین و گوتی: "هێزەکانی ئیسرائیل، ئەوەیان بۆڕای گشتی ئاشکرا کرد کە چاودێری تیرۆریستێکیان کردووە کە لە ٢٦ی شوباتدا دوو ئیسرائیلیی کوشتووە. وەک پێشتریش ئاشکرامان کردبوو ئیسرائیل، مافی ئەوەی هەیە خاک و گەلەکەی لە هێرشی ئەم گرووپە تیرۆریستییانە و هەموو پەلاماردەرێک بپارێزێت".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە چەند رۆژی رابردوودا، هەڕەشەی تیرۆریستی ئاشکرا کراونەتە سەر ئیسرائیل و نیگەرانی خۆشیانی لە زیادبوونی خێرای توندوتیژییەکانی کەناری رۆژئاوا دەربڕی، گوتیشی: "هانی لایەنەکان دەدەین بەزووترین کات هەنگاو بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە گیان لەدەستدانی کەسانی زیادتر".
لە پەلامارێکی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی ئاوارەکانی جەنین لە باکووری کەناری رۆژئاوا، شەش فەڵەستینی کوژران و ٢٦ی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی فەرمی فەڵەستین، سەربازانی ئیسرائیل لە پەلامارەکەیاندا بۆسەر کەمپی جەنین، گەمارۆی ماڵێکیان داوە کە تا ئێستا ئاشکرا نەبووە خاوەنەکەی کێیە.
ئەو شایەتحاڵانەشی لێدوانیان بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو داوە، باسیان لەوە کردووە کە ماڵە گەمارۆدراوەکە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە بۆمبباران کراوە.
لە لایەکی دیکەشەوە سوپای ئیسرائیل، ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە بکوژی ئەو دوو ئیسرائیلییەی لە ٢٦ی شوباتدا لە شاری نابلوس کوژران، لەکاتی هێرشەکەی سەر کەمپی جەنیندا کوژراوەتەوە، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی دەربارەی ئەو پێنج فەڵەستینییەی دیکە نەخستەڕوو کە لە پەلامارەکەدا کوژران.