Safvan Allahverdi
02 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2020
واشنتۆن - AA
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکی ئەمریکا، سەرۆکی ئەو وڵاتە، دۆناڵد ترەمپ لە پێنج ویلایەتی جیا کۆبوونەوەی جەماوەری رێکخست و رکابەرەکەشی جۆ بایدن کە کاندیدی دیموکراتەکانە لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا لەگەڵ لایەنگرانی کۆبووەوە.
دۆنالد ترەمپ، بەچڕی بەردەوامە لەسەر کەمپینی هەڵبژرادنەکان کە سبەی سێی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە میانی بەرنامەی رۆژی یەکشەممەیدا لە ویلایەتە هەستیارەکانی وەک فلۆریدا، میشیگان، کارۆلینای باکوور، ئایۆوا و جۆرجیا میتینگی هەڵبژاردنی رێکخست.
دۆناڵد ترەمپ کاتەکانی بەیانی لە میشیگان کۆبوونەوەی جەماوەری سازکرد کە سەرەڕای کەشوهەوای سارد ژمارەیەکی زۆر کەس بەشداریان تیادا کرد.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە میانی گوتارێکیدا کە لە میتینگەکەدا پێشکەشی کرد رایگەیاند ''وەک هەڵبژرادنەکەی رابردوو، ئەمساڵیش میشیگان بەدەستدەهێنین، رێگەمەدەن بایدن-ی خەوتوو ئێرە بەدەستبهێنێت''.
پاشان دۆناڵد ترەمپ سەردانی ئایۆوا-ی کرد و لە دوای سازکردنی میتینگ سەردانی هەریەک لە کارۆلینای باکوور، جۆرجیا کرد و کاتەکانی ئێوارەش لە فلۆریدا کۆبوونەوەی جەماوەری ساز دەکات.
ئەو ویلایەتانە کە کاریگەری گرنگیان هەبوو لە سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦دا، نازانرێت کە کارەکانی هەڵبژاردنی ترەمپ چۆن رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر سندوقەکانی دەنگدان.
لە لایەکی دیکەوە، کاندیدی دیموکراتەکان، جۆ بایدن کە بەپێی راپرسییەکان لە پێش ترەمپەوەیە لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا کە یەکێکە لە ویلایەتە هەستیارەکان لە رووی یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنەکانەوە، لەگەڵ لایەنگرانی کوبوووەوە.
لە میانی گوتارێکیدا کە لە شاری فیلادلفیا پێشکەشی کرد، جۆ بایدن رایگەیاند ''سەرۆکێک کە نەیتوانی ئێوە بپارێزێت لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و کاریگەریە ئابوورییەکانی، رەوا نییە چوار ساڵی دیکە ئەم وڵاتە بەڕێوەبەرێت''.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رۆژی سێشەممە، سێی تشرینی دووەم لە واشنتۆنی پایتەخت دەبێت و کاندیدی دیموکراتەکان، جۆ بایدن لە زێدی خۆی دەبێت لە دێلاوێر.