Sarmand Hameed
11 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2021
هەولێر - AA
حکوومەتی ئەمریکا لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆنترۆڵی هەناردە و ئاسایشی سنوور سەربە وەزارەتی دەرەوە، کەلوپەلی خۆپارێزی بۆ خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە پەیجی کۆنسولخانەی گشتیی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیو تۆلەر لەگەڵ بەڕێوبەری گشتیی گومرک سەربە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساماڵ عەبدولڕەحمان عەزیز کۆبووەوە و چاودێری گەیاندنی کەلوپەلی خۆپارێزی بە نوێنەرانی خاڵە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە لەلایەن پڕۆگرامی کۆنترۆڵی هەناردە و ئاسایشی سنوور سەربە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە دابینکراوبوون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەو کەلوپەلە خۆپارێزیانە کارمەندانی گومرک و سنوورەکان دەپارێزن لەکاتی بەئەنجام گەیاندنی ئەرکە بنەڕەتییەکانیاندا و هاریکاری هاوبەشانمان دەبن لە هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ دا.
حکوومەتی ئەمریکا لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، جگە لە دابینکردنی کەلوپەلی خوپارێزی، تا ئێستا چەندین جار ڤاکسینی جۆری فایزەری بۆ عێراق ناردووە کە دوایینجاریان لە میانی سەردانی
ئەم دواییەی سەرکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ واشنتۆن، سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بڕیاری دا بەپێدانی ٥٠٠ هەزار دۆز لە ڤاکسینی جۆری فایزەر بە عێراق کە پشکی هەرێمی کوردستانیشی تیادایە.
