Hakan Çopur,Abdullah Shukur
24 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2019
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەر لە سەردانەکەی بۆ وڵاتی ژاپۆن لە باخچەی کۆشکی سپی لەسەر پێشھاتەکانی رۆژەڤ بۆ رۆژنامەنووسان دوا و ھەڵسەنگاندنی بۆ ھەنگاوی نوێی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێران کرد.
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ھەزار و ٥٠٠ سەربازەی رەوانەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکرێن، ئەرکی "پاراستن"ی سەربازانی ئەمریکا لەو ناوچەیە دەگرنە ئەستۆ.
چاوەڕێ دەکرێ پنتاگۆن وردەکاری زیاتر لەسەر ناردنی ئەو ھەزار و ٥٠٠ سەربازە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکات.
ماوەیەکی کەم بەر لە لێدوانەکەی ترەمپ، میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاندبوو کە ترەمپ زانیاری پێویستی لەسەر ناردنی ئەو سەربازانە بە کۆنگرێس داوە.
گرژیی ئەمریکا-ئێران
حکوومەتەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ھەشتی ئایاری ٢٠١٨ کشانەوەی لەو رێککەوتنە ئەتۆمییە راگەیاند کە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران واژووکرا.
پاشان ئەمریکا سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە کە ھەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج و لە مانگی نیساندا سوپای پاسدارانی خستە لیستی "رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان"ەوە.
بەرامبەر سزاکانی ئەمریکا، سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی لە ھەشتی ئایاری ٢٠١٩دا دووبارە بەشێکی چالاکییە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی دەستپێکردەوە و ماوەی ٦٠ رۆژی دیاریکرد بۆ لایەنەکانی رێککەوتنەکە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، ماوەیەکی کەم لەمەوبەر ئەمریکا بە ئامانجی گرتنەبەری رێوشوێن دژبە ھەر مەترسییەکی ئێران کەشتی فڕۆکە ھەڵگری ئەبراھام لینکۆڵن و چوار فڕۆکەی بۆردومانی ئەتۆمی B-52ی رەوانەی ناوچەی کەنداو کرد.