Mazın Asad
07 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەھۆی ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی سەربازیی رژێمی ئەسەد، بڕیاریدا بە پەلە کۆبێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەمڕۆ کاتژمێر ٦:٣٠ خولەکی ئێوارە بەکاتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی کراوە بەڕێوە دەچێت و ئەندامانی سکرتاریەتی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە روونکردنەوە دەدەن.
ئەوە زانراوە کە داواکاریی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش، لە لایەن وڵاتی بۆلیڤیا پێشکەش کراوە.
لە لایەکی دیکەوە دانوستان لەسەر سێ پێشنیاری جیاواز لە ئەنجوومەنی ئاسایش تایبەت بە ھێرشە کیمیاوییەکەی رژێمی ئەسەد درێژەی ھەیە.
دوای ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا پێشنیارێکیان ئامادە کرد، رووسیا پێشنیارێکی ھاوبەرامبەری لەوبارەیەوە پێشکەش بە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد.
ھاوکات ١٠ ئەندامی کاتی ئەنجوومەنی ئاسایش بە مەبەستی نێوەندگیریکردن لە نێوان ھەردوو پێشنیارەکە، پێشنیارێکیان ئامادە کرد و بەسەر ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دابەش کرد. تاوەکو ئێستا نازانرێت کە پێشنیارەکان دەچێتە بواری دەنگدانەوە یاخود نا.