Şenhan Bolelli
17 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2022
مەدرید - AA
لە کاتی تێپەڕبوونی شەمەندەفەرێک بە ناوچەی ڤالێنسیا خۆرهەڵاتی ئیسپانیا کە ئاگری دارستانەکانی بەردەوامە، بەهۆی کردنەوەی دەرگا لەلایەن گرووپێکەوە لانیکەم ٢٠ کەس برینداربوون.
بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڤالێنسیا، بە میدیایان راگەیاند کە بەهۆی کاریگەری باوە لە قەزای کاودیل-ی کاستیلۆن ئاگرەکە دزەی کردووەتە رێگای ئاسنین و شەمەندەفەرێکیش کە بە ناوچەکەدا تێپەڕیوە بەهۆی کردنەوەی دەرگاکانی ٢٠ کەس لە سەرنشینانی برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکان شۆفێری شەمەندەفەرەکە کاتێ بینیوێتی ئاگرەکە بەرەو رێگا ئاسنینەکە دێت شەمەندەفەرەکەی وەستاندووە و ویستوویەتی بگەڕێتەوە، لەو کاتەدا گرووپێک لە سەرنشینان دەرگایان کردووەتەوە و ویستویانە خۆیان هەڵبدەنە خوارەوە، بەڵام ئاگر و دوکەڵ چووەتە ناو ڤاڵکۆنەکەوە.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە زۆربەی سەرنشینانی شەمەندەفەرەکە کەوتوونەتە بەر کاریگەری دوکەڵەوە و سێ کەسیش بەهۆی ئاگرەکەوە رووبەڕووی سووتاوی قورس بوونەتەوە.
هەروەها باس لەوە کرا کە شەمەندەفەرەکە لە ناوچەکە دوورکەوتووەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ وێستگەی کاودیل.
بەهۆی ئەو ئاگرەی دارستانی دۆڵی ئیبۆی گرتووەتەوە کە لە کۆتایی هەفتەوە تا ئێستا بەردەوامە و زیاتر لە ١٠ هەزار هێکتار رووبەری دارستانی سووتاندووە، دوو هەزار کەس گواستراونەتەوە بۆ ناوچەی ئارام.
بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی گەورەترین ئاگری ١٠ ساڵی رابردووی ناوچەی ڤالێنسیایە، ٢٦ فڕۆکە و هێلیکۆپتەر بەشدارن لە هەڵمەتی کوژاندنەوەیدا.