ھەولێر-AA
شەڕی داعش ژمارەی ئەوانەی پەلیان لەدەستداوە زیادکردووە بەو پێیەش ژمارەی ئەوانەی کەمئەندام بوون لە خەڵکی سڤیل و بوون بە قوربانیی شەڕ زیاتر بووە.
لە شاری ھەولێر بنکەیەک بۆ دروستکردنی پەلی دەستکرد بۆ ئەوانەی لەدەستیان داوە ھەیە، ئەم بنکەیە کە لە ھەموو عێراقەوە ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی بۆ دێت کە بە ھۆی رووداوێک یان بە زگماکی پەلیان نییە، لێرە رۆژانە چەندین پەلی دەستکرد بۆ ئەو کەسانە دروست دەکرێت.
بنکەی بوژانەوەی جەستەیی لە ھەولێر بنکەی سەرەکی و یەکەمی كۆمیتهی نێونهتهوهیی خاچی سوور لە عێراقدا کە لە ساڵی ١٩٩٦ەوە دەستی بە کارەکانی کردووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەردەوامە، لێرە لە ئێستادا زۆرێک لەوانەی سەردانی بنکەکە دەکەن لەوانەن کە قوربانیی جەنگەکانن، ھەروەھا زۆرێک لەوانەش لە قوربانییانی داعش و جەنگەکەی داعشن کە سێ ساڵی خایاند و ھێشتا مەترسی زیاتر ھەیە لەوەی مینەکانی داعش و پاشماوەکانییان پەلی کەسانی بێ گوناھی دیکەش بپەڕێنن.
سەبارەت بە بنکەکە و کارەکانی، بەڕێوەبەری بنکەی بوژانەوە و راھێنانی جەستەیی كۆمیتهی نێونهتهوهیی خاچی سوور لە ھەولێر، سروود سوعاد نافع رایگەیاند "بنکەی بوژانەوەی جەستەیی لە ساڵی ١٩٩٦ەوە دەست بەکاربووە و لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٢ ھەزار و ٤٣٠ کەس لە لای ئێمە ناویان تۆمارکراوە و خزمەتگوزارییان وەرگرتووە، لەو کاتەشەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٨ ھەزار پەلی دەستکرد و پاڵپشتمان دروست و دابەشمان کردووە، ھەروەھا ١١ ھەزار یارمەتیدەری جووڵەمان دابەشکردووە بەدار شەق و رەورەوە و شتی تریش، ھەروەھا زیاتر لە دوو ھەزار کورسیی چەرخدارمان دابەشکردووە".
سروود سوعاد نافع بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٧ ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە پێنج ھەزار و ٨٧٩ کەس خزمەتگوزارییان لەم بنکەیە وەرگرتووە، ھەروەھا ئەو ئامارەی لەبارەی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەوە ھەن تایبەت بە ساڵی رابردوو دەریدەخەن ھەزار و ٦٠٨ پەلی دەستکرد و پاڵپشتمان دروستکردووە، ئەوە سەرباری ئەوەی زیاتر لە هەزار یارمەتیدەری جووڵە و نزیکەی ٣٢٥ کورسی چەرخداریشمان دابەش کردووە".
ئەم سەنتەرە پێشتر قوربانییانی شەڕی ئێران و عێراقی بۆ دەھات بەزۆری، دواتر قوربانییانی شەڕەکانی عێراق، پاشان قوربانییانی کردەکانی گرووپی ئەلقاعیدە و دواتریش داعش و ئەوانی تریش، ئێستا قوربانییانی ھەموو ئەو جەنگانە روو لەم سەنتەرە دەکەن بۆ دروستکردنی ئەو پەلانەی بە ھۆی شەڕەوە لەدەستییان چووە، ھەروەھا بەشێکی ئەوانەی لێرە دەبینرێن یان زگماک یان بە ھۆی رووداوی دیکەشەوە پەلیان لە کیس چووە، بەڵام قوربانییانی شەڕی داعش لێرە زۆرینەنن.
سروود سوعاد نافع لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت "٨٠ لەسەدی ھۆی پەل بڕینەوە بە ھۆی رووداووێکەوەیە، بە شێوەی گشتی رێژەی ٨٥ لەسەدی ئەو ٨٠ لەسەدە پەل بڕینەوە بە ھۆیەک لە ھۆیەکانی جەنگەوەیە، بە پێی ئەو ئامارانەی لە لای ئێمە ھەن، ئیدی ھۆیەکانیش دیارن وەکو مین، تەقینەوە، بۆردومان و فیشەک
بەڕێوەبەری بنکەی بوژانەوە و راھێنانی جەستەیی كۆمیتهی نێونهتهوهیی خاچی سوور لە ھەولێر، سروود سوعاد نافع باس لەوەش دەکات کە خزمەتگوزارییەکانی ئەوان تایبەت نییە بە دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بە تەنھا، لەو بارەیەوە روونی دەکاتەوە "ئامارەکانی ئێمە نیشانی دەدات بە پلەی یەکەم زیاتر لە ٥٠ لەسەدی ئەوانەی خزمەتگوزارییەکانی ئێمە وەردەگرن و لێی سوودمەندن خەڵکی ھەرێمی کوردستانن، پاشان دانیشتووانی پارێزگای نەینەوا، دواتر پارێزگای کەرکووک، ھەروەھا پارێزگای ئەنباریش بە پلەی چوارەم دێت، پاشان ھەموو پارێزگاکانی دیکە، چونکە ئەوان ئاوارەی زۆریان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و خزمەتگوزاریی لە ئێمە وەردەگرن".
سروود سوعاد نافع ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمیش سوود لە خزمەتگوزارییەکانی ئەوان دەبینن لەو رووەوە دەڵێت "ئەوانەی خزمەتگوزاری لە بنکەکەمان وەردەگرن، بەگشتی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانن و ئەوانەشی لە پارێزگاکانی دەورووبەری ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت ئەوانەی ئاوارە بوون، بۆ نموونە لە ٢٠١٧ زیاتر لە هەزار و٣٠٠ ئاوارە خزمەتگوزارییان وەرگرتووە، نزیکەی ٦٥٠ کەسیان خەڵکی نەینەوا بوون، ھەروەھا پەنابەرەکانیش، ساڵی رابردوو ٢٨٩ پەنابەریش خزمەتگوزارییان لە ئێمە وەرگرتووە".
بنکەی بوژانەوەی جەستەیی سەر بە كۆمیتهی نێونهتهوهیی خاچی سوور لە عێراقدا کە لە ساڵی ١٩٨٠ەوە کار دەکات، کۆمیتەکە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە ھاوکاری پرۆگرامی بوژانەوەی جەستەیی دەکات و لە ساڵی ١٩٩٦ەوە بنکەی خۆی لە شاری ھەولێر کردووەتەوە و ئێستا ھاوکاری و یارمەتی بۆ ١٠ بنکەی دیکە لە عێراق پێشکەش دەکات. لەم بنکەیە پەلی دەستکرد دروست دەکرێت، ئەو پەلانەی لەم سەنتەرە دروست دەکرێن بە تەنھا بۆ قوربانییانی شەڕی داعش نیین، بەڵکو ھەموو ئەو شەڕانەی لە عێراقدا ھەڵگیرساون، بەڵام لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی مووسڵ لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ و دواتر سێ لەسەر یەکی خاکی عێراق لە لایەن چەکدارانی داعشەوە کە قەڵەمڕەوییان گەیشتە پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەددین، دیالە و بەشێکی کەرکووکی گرتەوە و دواتر لەسەر ئەو بونیادە بە ناو دەوڵەتی ئیسلامییان لە عێراق و شام لە ناواخانی دەوڵەتی عێراق دامەزراند و شەریعەتی ئیسلامییان بە بنچینەی حوکمڕانییان دیاریی کرد و ئەبو بەکر ئەلبەغدادی-یان بە ئەمیری موسڵمانان ناو لێ نا.
بەڕێوەبەری بنکەی بوژانەوە و راھێنانی جەستەیی كۆمیتهی نێونهتهوهیی خاچی سوور لە ھەولێر، سروود سوعاد نافع لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ھەموومان دەزانیین کە شەڕ قوربانیی لێ دەکەوێتەوە، لەبەر ئەو شەڕەی ھەبوو بەتایبەت لە نەینەوا خەڵکێکی زۆر تووشی پەل بڕینەوە بوون و ئێمەش کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەوانەی پێویستییان بە خزمەتگوزاریی ئێمە ھەیە پێیان بگەیەنین، ساڵی ٢٠١٧ تیمەکانی ئێمە چوونە کەمپەکانی حەسەن شام و خازر و خزمەتگوزارییەکانییان پێشکەش بە ئاوارەکان کردووە، ھەروەھا لەگەڵ چەند رێکخراوێک رێککەوتووین بۆ ئەوەی لە مووسڵ کێ پێویستی بە خزمەتگوزاری ئێمە ھەیە پێشکەشیان بکەین".
لەنێو بنکەکەدا چەند فەرمانبەرێکی کەم و ئیشێکی زۆر ھەیە، لێرە لەنێو وەرشەی دروستکردنی پەلەکان جووڵەیەکی زۆری فەرمانبەران ھەیە کە بە دروستکردنی پەلەکانەوە سەرقاڵن تا بەزوویی تەواو بکرێن و بدرێن بەو کەسانەی پێویستییانە، لێرە کۆمەڵێک فەرمانبەری ئێسک سووک تەواو دڵ گەورە ھەن کە زوو زوو باس لەوە دەکەن کارەکانییان و ماندووبوونی ئەوان خزمەتێکی گەورەیە بە مرۆڤایەتی، ئەوان بە ماندووبوونیان چەندین کەس لەوانەی ئومێدییان بە ژیان کەم بووەتەوە دڵخۆش دەکەن و ھیچ نەبێت مەینەتییەکانییان کەم بکەنەوە.
لێرە لەم بنکەیە کارێکی گەورە پێشکەش بە مرۆڤەکان دەکرێت، بنکەکە خزمەتێکی باشی ئەوانە دەکات کە پەلەکانیان لەدەستداوە یان پێویستییان بە ھاوکاریی ھەیە، لێرە لەنێو ھۆڵی بنکەکە خەڵکی پارێزگاکانی ئەمسەر و ئەوسەری عێراق دەبینرێن، ھەر لەم بنکەیەدا نزیکەی ٢٠ جێگە ھەیە لە چوارچێوەی بەشێکی ناوخۆیی کە تایبەتن بەوانەی کە لە پارێزگاکانی دیکەوە دێنە ئێرە و دەمێننەوە بە بێ بەرامبەر، سەرباری ئەوەی بنکەکە پەلەکان بە بێ بەرامبەر پێشکەش دەکات، بڕە خەرجییەکیش دەداتە ئەو کەسانەی پێویستییان بەو پەلە دەستکردانە ھەیە بە ناوی خەرجیی ھاتوچۆ.
بەڕێوەبەری بنکەی بوژانەوە و راھێنانی جەستەیی كۆمیتهی نێونهتهوهیی خاچی سوور لە ھەولێر، سروود سوعاد نافع گوتی: "كۆمیتهی نێونهتهوهیی خاچی سوور لەسەر ئاستی عێراق پاڵپشتی لە ١١ بنکە دیکە دەکات و پێداویستییان پێ دەدات، چواریان لە بەغدایە و یەک بنکە لە هەریەک لە پارێزگا و شارەکانی ناسریە، کەربەلا، نەجەف، بەسرە، فەلـلوجە، تکریت و کەرکووک. ئەو سەنتەرانە زۆرینەیان سەر بە وەزارەتی تەندروستیین و خاچی سووری نێودەوڵەتی پاڵپشتییان دەکات، ھەروەھا لە رووی تەکنیکیشەوە یارمەتییان دەدات، بنکەیەکی سەرەکییە لە عێراق و تاکە بنکەی عێراقە.
گوتیشی" بەنیازیین لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بنکەیەک لە مووسڵ بکەینەوە، چونکە قوربانییانی شەڕ لەوێ ژمارەیان زۆر زیادی کردووە، پێویست دەکات سەنتەرێک لەوێ بکرێتەوە و بە شێوەیەکی زووتر و باشتر خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکات".
عێراق کە چەندین شەڕی خوێناویی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە سەردەمی حوکمڕانیی رژێمی بەعس، دوای رووخانی ئەو رژێمەش ھێشتا شەڕ کۆتایی نەھاتووە. شەڕی داعش ھەزاران کەسی بێ پەل کرد، وێڕای ئەوەی کە ھەزارانی دیکەشی لە ژیان بێ بەش کرد و ملیۆنەهاشی لێ ئاوارەکردن.
news_share_descriptionsubscription_contact

