Davit Kachkachishvili
23 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2023
کیێڤ - AA
سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن رایگەیاند، پشتگیری لە ئۆکراینا دەکەن بۆ ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا، کۆتایی بەو شەڕە بهێندرێت کە لەگەڵ رووسیا بەردەوامە.
سەرۆکایەتیی ئۆکراینا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە جۆنسۆن لە کیێڤ لەگەڵ زێلێنسكی کۆبووەتەوە و دواتر وەڵامی پرسیارەکانی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی نیشتمانیی کیێڤ-ی داوەتەوە.
زێلێنسکی بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە جەنگی رووسیا لە وڵاتەکەیدا بەردەوامە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەری هەیە وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە جەنگەکە سەربکەوێت و هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ ئەمە گرنگە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دابینکردنی کارمەندان لە سوپای ئۆکراینا ئاماژەی بەوە دا کە پاراستنی سەربازەکان بۆ ئەو لە پێشینەدایە.
- "کۆتایی هاتنی جەنگەکە بۆ جیهان زۆر گرنگە"
سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن لە وەڵامی پرسیارەکاندا سەبارەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا رایگەیاند کە پێویستە جەنگەکە لە ماوەیەکی کەمدا کۆتایی پێبێت.
بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆتاییهاتنی جەنگەکە بۆ ئۆکراینا و رووسیا و هەموو جیهان گرنگە، جۆنسۆن گوتی: "ئێمە لە ساڵی٢٠٢٣ هاوکاریتان دەکەین بۆ ئەوەی بەزووترین کات کۆتایی بەم جەنگە بهێنن، چونکە ئەمە باشترین دەبێت بۆ جیهان، بۆ ئۆکراینا و بۆ گەلی رووسیاش باشتر دەبێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنن".
جۆنسۆن ئەوەیشی خستەڕوو کە دەبێت دەستبەجێ هەموو چەکێکی پێویست بۆ لایەنی ئۆکراینا دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە جەنگەکەدا و گوتی: "ئەمە بەو واتایە دێت کە دەبێت تانکەکان دابین بکرێن".
بۆریس جۆنسۆن بە ئاماژەدان بەوەی کە پێویستە ئۆکراینا فڕۆکە و چەکی قورسی مۆدێرنیشی بۆ دابین بکرێت، گوتی: "دەمانەوێت فڕۆکە بۆ گەلی ئۆکراینا دابین بکەین، هەروەها پێویستییمان بە کەرەستەی پێشکەوتووتر و هەموو جۆرە چەکێک هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن بەرگریی لە وڵاتەکەتان بکەن".
جۆنسۆن سەرنجی بۆ ئەو راستییە راکێشە کە رووسیا هەموو ئەو ئامرازانەی کە لەبەردەستیدایە لە جەنگدا دژبە ئۆکراینا بەکاری هێناوە و دابینکردنی چەک بۆ ئۆکراینا نابێتە هۆی پەرەسەندنی جەنگەکە و گوتی: "ئۆکراینا شایەنی هەموو یارمەتییەکە".