Esra Taşkın
23 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2023
پاریس - AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ئەوەی ئاشکرا کرد کە ناردنی تانکی لێکلێرک کە تانکێکی دروستکراوی فەڕەنسایە، یەکێکە لەو بژاردانەی کە دەشێت وڵاتەکەی وەک هاوکاری سەربازیی بیداتە ئۆکراینا، بەڵام پێویستە مەرجەکانی ناردنی ئەم تانکانە دەستبەربن.
بەبۆنەی تێپەڕینی ٦٠ ساڵ بەسەر رێککەوتننامەی برایەتی نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا کە بە "رێککەوتننامەی ئەلیزێ" ناسراوە لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فەڕەنسا لە شاری پاریس، هەریەکە لە سەرکۆماری ئەو وڵاتە، ئیمانوێل ماکرۆن و راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
ماکرۆن باسی لەوە کرد کە ئەورووپا رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی جیددیی بووەتەوە و ئەنجامەکانی ئەو جەنگەشی لەڕووی ئابووری و وزەوە هەڵسەنگاند کە لەئێستادا رووبەڕووی ئەو کیشوەرە بووەتەوە.
سەرکۆماری فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشدا کە لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، دەربارەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا دواون و جەختیشیان لە بەردەوامیدان بە پشتیوانییەکانی هەردوو وڵات بۆ ئۆکراینا، کردووەتەوە.
ماکرۆن باسی لەوەش کرد کە ئەورووپییەکان ئامادەن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئۆکراینا و ئاماژەی بەوەشدا کە ناردنی تانکی لێکلێرک کە تانکێکی دروستکراوی فەڕەنسایە، یەکێکە لەو بژاردانەی کە دەشێت وڵاتەکەی وەک هاوکاری سەربازیی بیداتە ئۆکراینا، بەڵام پێویستە مەرجەکانی ناردنی ئەم تانکانە دەستبەربن.
ناوبراو، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ شۆلتز، دەربارەی بابەتەکانی وەک بەرگری، وزە، تەکنەلۆجیا و پیشەسازی، گفتوگۆیان کردووە و بڕیاریانداوە لە ساڵانی داهاتوودا هەردوو وڵات پێکەوە لەسەر میکانیزمە هاوبەشەکانی کڕینی غاز، کار بکەن.
سەرۆکی فەڕەنسا، ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی و ئەڵمانیا دەیانەوێت لەڕووی ستراتیجی هایدرۆجینییەوە لێکنزیکببنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاریان داوە هێڵی بۆری هایدرۆجینی سەوز کە بە "H2Med" ناسراوە و پلان وایە لە نێوان شاری بارسێلۆنای ئیسپانیا و شاری مارسیلیای فەڕەنسا دروست بکرێت، بۆ ئەڵمانیاش درێژ بکرێتەوە.
ماکرۆن لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی ئەوەی کە بورکینا فاسۆ، داوای کردووە سەربازانی فەڕەنسا ئەو وڵاتە جێبهێڵن، ئەوەی خستەڕوو کە ئەو زانیارییانەی بڵاودەکرێنەوە دەبنە هۆی سەرلێشێوان و لەئێستادا چاوەڕێی لێدوانی بەرپرسانی بورکینا فاسۆ دەکەن لەو بارەیەوە.
- "پێویستە ئەورووپا لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوادا رۆڵێکی گرنگ ببینێت"
لای خۆشییەوە راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز جەختی لەوە کرد کە بەرەوپێشچوونی ئەورووپا پێویستی بە هەبوونی پەیوەندییەکی بەهێزی نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا هەیە.
شۆلتز جەختی لەوەش کردەوە کە ئەورووپیەکان دەتوانن بە پێکەوە کارکردنیان کاریگەری لەسەر جیهان دروست بکەن.
هەروەها راوێژکاری ئەڵمانیا دەربارەی ئایندەی جیهان و گۆڕانی ئاووهەوا رایگەیاند: "پێویستە ئەورووپا لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوادا رۆڵێکی گرنگ ببینێت، چونکە پیشەسازی لە ئەورووپاوە دەستی پێ کردووە".