Ömer Erdem
24 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2023
خەرتوم - AA
گواستنەوەی هاووڵاتییانی تورکیا لە سوودانەوە بەهۆی ئەو شەڕ و پێکدادانەی لە ١٥ی نیسانەوە تا ئێستا لەو وڵاتە لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەڕێوەدەچێت، درێژەی هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە دەستکەوتووە، پێش نیوەڕۆی دوێنێ کاروانێکی نزیکەی ١٤٠ کەسی بە سێ پاس لە شاری واد مەدنی باشووری رۆژهەڵاتی خەرتومی پایتەختەوە بەڕێکەوتن.
لە خەرتومی پایتەختیش، نزیکەی ٥٠٠ هاووڵاتی تورکیا لە کاتژمێر ١٧:٠٠دا بە ١٠ پاس ئەو وڵاتەیان جێهێشت.
هەروەها نزیکەی ٤٠٠ کەسی دیکە لە ناوچەی کافوری باکووری خەرتومی پایتەخت و ناوچەکانی دیکە لە نزیکترین کاتدا دەگوازرێنەوە.
هاووڵاتییانی تورکیا کە بە پاس و لە رێگەی وشکانییەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئەدیس ئابابای پایتەختی ئەسیوپیا بە فڕۆکە دەگوازرێنەوە بۆ ئیستانبوڵ.

باڵیۆزی تورکیا لە خەرتوم، ئیسماعیل چۆبانئۆغڵو خۆی هەماهەنگی هەوڵەکانی گواستنەوەی بەڕێوەبرد.
پرۆسەی گواستنەوە کە کاتەکانی بەیانی زوو و لە یەک کاتدا بەڕێوەچوو، بەهۆی نزیکی شوێنەکان لە شەڕ و پێکدادانەکانەوە کە نۆ رۆژە بەردەوامە دواکەتبوو.
هاوکات لە کاروانی گواستنەوەکەدا هاووڵاتییانی ئازەربایجان، ژاپۆن، چین، مەکسیک و یەمەن هەبوون.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ٢٠ی نیساندا پهیوهندیی تهلهفۆنیی لهگهڵ ههریهک له سهرۆكی ئهنجوومهنی سهروهریی سوودان، جەنەراڵ عەبدولفەتاح بورهان و فهرماندهی هێزهكانی پشتیوانیی خێرا، محەمەد حەمدان دەقلو ئهنجام دا.
وەزیری دەرەوەی تورکیاش، مەولود چاوشئۆغڵو لە ٢٢ی نیساندا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوتا سوودانییەکەی، عەلی ئەلسادق ئەنجام دابوو.
هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان داوای هاوکاریان لە تورکیا کردبوو بەمەبەستی گواستنەوەی هاووڵاتییانیان لە سوودان.
شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان، پێی ناوەتە دووەمین هەفتەوە.
لەو شەڕ و پێکدادانەدا، تا ئێستا ٤١٣ کەس کوژراون و سێ هەزار و ٥٥١ کەسیش برینداربوون.