Hasan Esen
02 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2022
لەنەدەن - AA
وەزارەتی بەرگری بەریتانیا، لە بارەی کەوتنەوەی ئاگر لە پاڵاوگەیەکی شاری بێلگۆرۆدی رووسیا کە دەکەوێتە نزیک سنووری ئۆکرینا، ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەگەر هەیە ئەم رووداوە لە کەم مەودادا فشار بخاتە سەر تۆڕی لۆجیستی رووسیا کە خۆی لە ئێستادا رووبەرووی گرفت بووەتەوە.
لەو بارەیەشەوە وەزارەتی بەرگری لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە تەقینەوەکانی ناو پاڵاوگاکەی بێلگۆرۆددا چەند تانکێکی سوتەمەنی سوتاون.
ئاماژە بەوەش دراوە کە لە ٣٠ ئاداریشدا لە چەند ناوچەیەکی نزیکی شارەکە چەند تەقینەوەیەک لە عەمبارێکی چەک و تەقەمەنیدا روویانداوە و هاتووە: "لەناوچوونی سوتەمەنی و چەکی ناو ئەم عەمبارانە، ئەگەر هەیە فشار لەسەر تۆڕی لۆجیستی رووسیا دروست بکەن کە لە ئێستادا خۆی رووبەڕووی گرفت بووەتەوە".
باس لەوەشکراوە کە ئەم رووداوانە بەتایبەت کاریگەرییان لەسەر یەکەکانی شاری خەرکیڤی ئۆکراینا دەبێت کە دەکەوێتە دووری ٦٠ کیلۆمەتر لە شاری بێلگۆرۆد و لەلایەن سوپای رووسیاوە گەمارۆدراوە.
- هێرش کردنە سەر پاڵاوگەکەی رووسیا
پارێزگاری شاری بێلگۆرۆدی رووسیا، ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، ئەوەی راگەیاندبوو کە چەند کۆپتەرێکی سوپای ئۆکراینا هێرشیان کردوەتە سەر پاڵاوگەی شارەکە و لە ئەنجامدا چەند تەقینەوەیەک لە ناو پاڵاوگەکەدا روویداوە و ئاگر کەوتووەتەوە.