Dildar Baykan
28 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2020
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێکیدا لە کۆشکی سپییەوە بە فەڕمی قبوڵی کرد کە ببێتە کاندید بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
ترەمپ بەم شێوەیە دەستی بە قسەکانی کرد: "ئەمڕو بە دڵێکی پڕ ئومێد و سوپاسگوزارییەوە کاندیدبوونی خۆم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا قبوڵ دەکەم".
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئابووری ئەمریکا دەبات بەرەو باشترین ئاستی لە مێژوودا و وڵاتەکەی لە هەموو هەڕەشە و مەترسییەک دەپارێزێت.
هەروەها ناوبراوهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا-ی کە لە سێی تشرینی دووەمدا ئەنجامدەدرێت بە هەڵبژاردنێکی مێژوویی لە قەڵەمدا و گوتی:" لە نێوان ئەم دوو پارتەدا جیاوازییەکی بەرچاو هەیە، دوو رەهەند، دوو فەلسەفە و دوو رۆژەڤی جیاوازیان هەیە. لەم هەڵبژاردنەدا بڕیار دەدەین لە نێوان درووستکردنی ملیۆنان شوێنی کاری تازەدا یان بڵاوکردنەوەی پیشەسازی وڵاتەکەمان بە تەواوی جیهاندا. هەر لەم هەڵبژاردنەدا بڕیار دەدەین لەسەر پاراستنی گەلی ئەمریکا یان پێدانی ئازادیی بە تێکدەر و چەواشەکارەکان".
- رەخنەیەکی توند لە ترەمپ-ەوە بۆ بایدن
لە تەواوی گوتارەکەیدا ترەمپ هێرشی دەکردە سەر جۆ بایدن-ی رکابەری و گوتی: "ئەم شەو تەنها یەک پرسیاری ئاسانتان لێدەکەم. ئایا دیمۆکراتەکان کە دەیانەوێت ئەم وڵاتە دابەش بکەن دەتوانن ببنە سەرۆکی ئەم وڵاتە؟"
ترەمپ راشیگەیاند کە هەرچی لە دەست هاتووە کردوێتی بۆ رەشپێستەکانی وڵاتەکەی و گوتی: "دوای سەرۆک ئەبراهام لینکۆڵن من زۆرترین کارم کردووە بۆ رەشپێستەکانی وڵاتەکەم، ئەوەی من لە ماوەی ٣ ساڵدا کردوومە جۆ بایدن لە ماوەی ٤٧ ساڵی ژیانی سیاسیدا پێی نەکراوە".
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەو رێوشوێنانەی دژ بە کۆرۆنا گیراونەتە بەر کەم بکرێتەوە ئەگەر کەم نەکرێتەوە خەڵک تووشی کێشەی دەروونی دەبن و بەم شێوەیە بەردەوامبوو لە گوتەکانی:"پلانەکەی بایدن چارەسەر نییە بۆ ڤایرۆسەکە بەڵکو خۆبەدەستەوە دانە".
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە کە جۆ بایدن و پارتەکەی زۆربەی بەهاکانی ئەمریکا تێکدەشکێنن و گوتی: "بایدن ئەسپی تەڕوادە سۆسیالیزمە".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد کە خۆی و پارتەکەی هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی گەلی ئەمریکا لە ئاسایش و خۆش گوزەرانیدا بژین و گوتی: "ئەگەر دیموکراتەکان دەیانەوێت پاڵپشتی تێکدەر و گێرەشێوێنەکان بکەن ئەوە هەڵبژاردەی خۆیانە، بەڵام هەتا من سەرۆک بم نابمە پارچەیەک لەوان".
- ترەمپ ستایشی سیاسەتی دەرەوەی خۆی دەکات
ترەمپ باسی لەوە کرد کە کۆتاییان بە شەڕی ئەفغانستان هێناوە و هەروەها سەرکردەی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی و فەرماندەی پێشوی هێزی قودس، قاسم سولەیمانی-یان لەناو بردووە. لە بارەی ئەسرائیل-یشەوە رایگەیاند کە باڵوێزخانەی ئەمریکا-یان لە ئیسرائیل گواستۆتەوە بۆ شاری قودس و گوتی: "بووینە هۆی ئەوەی دوای ٢٥ ساڵ رێککەوتننامەیەکی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوڕاستدا واژوو بکرێت، بۆیە سوپاسی ئیماڕات و ئیسرائیل دەکەم لەم بارەیەوە".
- خۆپیشاندان لەبەردەم کۆشکی سپی
لە لایەکی دیکەوە کاتێک ترەمپ ئەم وتارەی دەخوێندەوە نزیکەی هەزار کەس لەبەردەم کۆشکی سپی کۆبوونەوە و ئیدانەی نەژادپەرستی و توندوتیژی پۆلیسی وڵاتەکەیان کرد.
خۆپیشاندەران لەسەر شەقامی (Black Lives Matter) کۆبوونەوە و یادی جۆرج فلۆید کە بە دەستی پۆلیس کوژراو و جاکۆب بلەیک-یان کردەوە کە ئەویش بەهۆی تەقەکردنی پۆلیسەوە بە سەختی بریندارببوو.