Mücahit Oktay
10 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2022
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس رایگەیاند کە جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، وێندی ئاڕ. شێرمان لە شاری جنێڤ رۆژئاوای سویسرا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی ریباکۆڤ کۆبووەتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن نێد پرایس-ەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە شێرمان و ریباکۆڤ گفتوگۆیان لەبارەی ئەو بابەتە دووقۆڵییانە کردووە کە هەردوولا لە کۆبوونەوەی نائاسایی دیالۆگی سەقامگیری ستراتیجیی (SSD)دا لە ١٠ی کانوونی دووەمدا تاوتوێی دەکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ''لە کۆبوونەوەی جێگرانی وەزیردا، ئەمریکا جەختی کردووەتەوە لەسەر بنەماکانی سەروەری، یەکپارچەی خاک و پابەندبوونی نەتەوە سەروەرەکان بە ئازادی هەڵبژاردنی هاوپەیمانەکانی خۆیان''.
ئاماژە بەوە کرا کە شێرمان بە هاوتا رووسیەکەی راگەیاندووە ''ئەمریکا خۆشحاڵە لە بەرەوپێشچوونێکی راستەقینە بە رێگەی دیپلۆماسیی''.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ''ئەمریکا لە کۆبوونەوەی (SSD)دا مشتومڕی هەندێک بابەتی دووقۆڵی دەکات لەگەڵ رووسیادا، بەڵام بەبێ هاوپەیمانان و هاوبەشانەی ئەورووپی مشتومڕی ئاسایشی ئەورووپا ناکات''.
هاوکات شێرمان باسیشی لەوە کردووە کە بابەتە دیاریی کراوەکان جێدەهێڵدرێن بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناتۆ-رووسیا لە بڕۆکسل لە ١٢ی کانوونی دووەم و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەمیشەیی (AGİT) لە ڤیەننا کە لە ١٣ی کانوونی دووەمدا ساز دەکرێن.