Tuğçenur Akgün
12 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2023
نیویۆرک – AA
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سوڵیڤان و جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان پێشهاتەکانی یەمەن، ئێران و هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بواری وزەی پاک و تەکنەلۆجیادا تاوتوێ کرد.
کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی جەیک سوڵیڤان و محەمەد بن سەلمان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە.
لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا پێشهاتەکانی یەمەنیان تاوتوێ کردووە، جەیک سوڵیڤان سوپاسی هەنگاوەکانی سعوودیەی کردووە بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەک بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆی یەمەن و پشتیوانی تەواوەتی وڵاتەکەیشی دەربڕیووە لەم پێناوەدا.
جەیک سوڵیڤان و محەمەد بن سەلمان ئەو هەڕەشانەیشیان تاوتوێی کردووە کە لە ئێران و وڵاتانی دیکەوە سەرچاوە دەگرن و جەیک سوڵیڤان ئاماژەی بەوە داوە کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بەڵێنی داوە ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی هەردوولا، پێشخستنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵات بوو لە بواری وزەی پاک و تەکنەلۆجیا.