İbrahim Khazen,Hamdi Yıldız
12 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2023
دۆحە - AA
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەندامانی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی عەرەبی، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی سووریا، رۆژی هەینی لە شاری جیددە رۆژئاوای سعوودیە کۆدەبنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ماجید ئەنساری لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی قەتەر، ئەوەی خستەڕوو کە سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، عێراق، ئوردن و میسر رۆژی هەینی بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی سووریا لە شاری جیددەی سعوودیە کۆدەبنەوە.
ئەنساری، جەختی لەوەش کردەوە کە هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە سووریا وەک خۆیەتی و نەگۆڕاوە، باسی لەوەش کرد کە قەتەر هیواخوازی چارەسەرێکی سیاسییە بۆ گەلی سووریا و پێشوازی لە رێککەوتنێکی عەرەبی تایبەت بەم هەوڵانە دەکات.
بەهۆی جەنگی ناوخۆی سووریاوە کۆمکاری عەرەبی لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١١دا، ئەندامێتی رژێمی بەشار ئەسەدی هەڵپەسارد.