Heman Hussein Yaseen
26 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکڕۆن لە میانی لێدوانێکیدا گوتی: "ئیسلام لە قەیراندایە"، ئەمەش نیگەرانی موسڵمانانی لێکەوتەوە و لە چەندین شوێن هاشتاگی بایکۆتکردنی کڕینی کەلوپەل و کاڵای فەڕەنسی راگەیەندرا و بانگخوازێک لە هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە لەلای فەڕەنسییەکان پارە بووەتە هەموو شتێک هەربۆیەش ئەو رێکارەیان گرتووەتە بەر، هاوکات هاشتاگێکی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک راگەیاندووە و نزیکەی هەشت سەد هەزار کەس پشتگیری لە هاشتاگەکە کردووە.
بانگخواز و پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، حاجی کاروان لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێغەمبەری خوا دروودی خوای لێ بێت، لای موسڵمانان ھێڵی سوورە، قسەکردن بە پێغەمبەر واتا قسەکردنە بە ملیارێک و ٨٠٠ ملیۆن کەس، لەبەر ئەوە موسڵمانان سەرەتا تا ئاستێک خۆیان بێدەنگ کرد بۆ ئەوەی شەڕێکی ئیعلامیی دروست نەبێت لەبەرامبەر گوتەکەی سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکڕۆن، بەڵام کاتێک بەرامبەرەکەت رێزت لێ نەگرێت و قسە بە پێغەمبەرەکەت دەڵێت، دەبێت موسڵمانیش ھەڵوێستی ھەبێت".
حاجی کاروان گوتیشی: "ئەم ھەڵوێستەی ئێمە، ھەڵوێستی ناڕەزاییەتی دەربڕینە، تەنانەت لە پەیجەکەی من زیاتر لە ٧٠٠ ھەزار کەس بەس پشتگیری کردووە، بۆیە ئەوەی پێمان بکرێت کە، شەڕێکی ئابووری بکەین ئەویش بە بایکۆتکردنی ئەو کۆمپانیایانەی کە کەلوپەلی خۆراکی یان جلوبەرگ دەھێننە ھەرێمی کوردستان، وەکو موسڵمانێک ئەگەر ئەو ھەڵوێستەشمان نەبێت بەڕاستی گونەھبارین و بەرپرسیارین بەرامبەر خوا و پێغەمبەر".
ئەو، رەخنە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و پێی وایە راگەیاندنی کەمپینێک کاری حکوومەتە، هاوکات راشیدەگەیەنێت کە چاکە و هاوکارییەکانی وڵاتی فەڕەنسایان لەبەرچاوە و گوتی: "وەکو دروستکردنی کەمپینێک، ئەوە کاری حکوومەتە و بەداخەوە حکوومەت لەبەر ئەوەی کاتی خۆی فەڕەنسا یارمەتی ھەرێمی کوردستانی داوە ئەو کەمپەینەی نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمەیش ئەو چاکەیەی فەڕەنسا لە رابردوو بەرامبەر بە ئێمە هەیبووە، بەرز دەنرخێنین و چاکەی ھەموو کەسێکمان لەبەرچاوە و دەزانین فەڕەنسا بۆ ئەم وڵاتە کاری باشی لەگەڵمان کردووە و لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو تا ئێستا یارمەتی داوین لە زۆربەی ناڕەحەتییەکاندا، بەڵام ناکرێت سەرۆکی وڵاتێک ئیھانەی بیروباوەڕ و عەقیدە و پێغەمبەرەکەت بکات، لەبەرئەوەشە ئێمە ئەو ھاشتاگە یان کەمپینێکی فەیسبووکیمان راگەیاندووە کە داوا لە خەڵک دەکەین ھەرکەس لە رێگای خۆیەوە بایکۆتی کاڵاکانی فەڕەنسا بکات، چونکە لای ئەوان خوایەک نییە بەناوی خوا، بەڵکو لای ئەوان خوایەک ھەیە بەناوی پارە، بۆیە ئێمە شەڕ دەکەین لەگەڵ ئەو پارەیەی کە ئەوان بە خوای دەزانن".
لەبارەی ئەوەی کە ئایا سەردانی کۆنسولخانەی فەڕەنسایان کردووە بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتییەکەیان حاجی کاروان گوتی: "نارەزایەتییەکە بە ئیمەیل دەیدەین بە کۆنسولخانەی فەڕەنسا و ئەگەر بە دەست لێمان وەرگرن ئەوا لە رێگای نووسراوەوە ئاراستەی کۆنسولخانەی فەڕەنسا لە ھەولێر دەکەین، بەڵام چاوەڕوانین کە ژمارەی بەشداربووەکان زیاتر بێت، جگە لەوەش خۆمان ئیمەیلەکە رادەگەیەنین بۆ ئەوەی خەڵکانێک بتوانن ناڕەزایەتییەکە بنێرن".
حاجی کاروان گوتیشی: "ھەر لەناو فەڕەنسا نزیکەی شەش ملیۆن موسڵمان ھەیە و ئەمە جێگای قبوڵکردن نییە تەنانەت لەلای مەسیحییەکانیش ئەمە جێگای قبوڵکردن نییە قسە بە پێغەمبەرێک بگوترێت".
حاجی کاروان ئەوەش دەخاتەڕوو کە پێویستە موسڵمانان هەڵوێستییان هەبێت و نابێت کاردانەوەی خراپی لێ بکەوێتەوە و گوتی: "ئەم بابەتە بە کاردانەوەی خراپ نابێت، بە کوشتن و بڕین نابێت، بە تەقاندنەوە و تەنانەت جنێودانیش نابێت، چونکە ئەگەر ئەوان جنێویش بدەن، نابێت ئێمە جنێو بدەین، چونکە قورئان ئاماژە بەوە دەدات کە تەنانەت ناکرێت بە شەیتانیش جنێوبدەین، ئێمە دانابەزینە ئەو ئاستە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەموو پێغەمبەرێک لەلای ئێمە یەک پێغەمبەرە، ھەموویان خۆشەویستن و جیاوازیان نییە بە پیرۆزییەکان و خەڵکەکەیش، هەروەها هاووڵاتییانی فەڕەنسا جیاوازن لەگەڵ ئەوەی سەرۆکێک بەناوی دەوڵەتی فەڕەنساوە قسە دەکات، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە تەنانەت رێکخراوەکانی فەڕەنسا و سیاسەتمەداران و ئەندامانی پەرلەمانیش لە فەڕەنسا ھیچکامێکیان ھەڵوێستێکیان دەرنەبڕیووە، کە ئەمە زۆر خراپە".
بانگخواز حاجی کاروان، رەخنە لە وڵاتانی ئیسلامیی دەگرێت و رایدەگەیەنێت کە جگە لە تورکیا، هیچ وڵاتێکی دیکە هەڵوێستی نەبووە و پێی وایە هەر ئەمەش وا دەکات کە سەرۆکی وڵاتێکی وەکو فەڕەنسا بتوانێت سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام بکات و دەڵێت "بەداخەوە تا ئێستا ئەوەی گوێمان لێ بووە جگە لە تورکیا کە ھەڵوێستێکی فەرمیی دەربڕیووە، ئەگەرنا ھیچ وڵاتێکی دیکە ھەڵوێستێکیان نەبووە کە بەڕاستی وڵاتێکی وەکو فەڕەنسا ئیستیغلالی ئەو بابەتە دەکات، تەنانەت وڵاتانی ئیسلامیی کۆنسول و باڵیۆزەکانی فەڕەنساشیان بانگ نەکردووە بۆ ناڕەزاییەتی دەربڕین و ئەمەش جێی نیگەرانییە".