لە دوایین یارییەکانی ساڵی ٢٠١٣ بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکانی خولی ئیکسۆن مۆبیل لە دۆحەی پایتەختی قەتەر ھەردوو تێنسوانی جیھانی دیۆکۆڤیچ و داڤید فێڕێڕ بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکی بچووک کرد و گەیشتنە یاریی کۆتایی، لەیاریی کۆتاییدا دیۆکۆڤیچ سەرکەوتنی بەدەستھێنا.
یارییەکە لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات بەڕێوەچوو، تێیدا تێنسوانە سربییەکە بە ئەنجامی ٧-٥ و ٦-٢ سەرکەوتنی بەسەر فێڕێری ئیسپانی دا تۆمارکردو بووە دوا پاڵەوانی ساڵ
بەو سەرکەوتنە دیۆکۆڤیچ بووە پاڵەوانی یارییەکەو بڕی ٢٥٠ ھەزار دۆلاری وەک خەڵاتی پلەی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە پێدرا.
تێنسوانی ئیسپانی رافایل ناداڵ لەیاریی پێش کۆتاییدا سەرکەوت بەسەر تێنسوانی فەرەنسی جۆ وێڵفرەید بە ئەنجامی ٧-٦ و ٦-٣، بەو سەرکەوتنە ناداڵ پلەی سێیەمی پاڵەوانێتییەکەی دەستەبەر کرد.
بڕیارە لەگەڵ ھاتنی ساڵی نوێ تێنسوانان بەشداریی لە خولی ئیکسۆن مۆبیل لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بکەن.