Ahmet Furkan Mercan
19 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2023
هێرۆشیمان - AA
لە شاری هێرۆشیمان لە باشووری رۆژئاوای ژاپۆن، لووتکەی ٢٠٢٣ی سەرکردەکانی G7 دەستیپێکرد، کە ئەو وڵاتە خۆی سەرۆکایەتی دەکات.
لە ژاپۆن چاوەکان لەسەر لووتکەی G7ە کە لە شاری هێرۆشیما بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.
لەو لووتکەیەدا کە سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، کیشیدا فومیۆ میوانداری دەکات، هەریەک لە سەرکردەکانی ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا و ئیتاڵیا بەشداری دەکەن.
لووتکەکە کە تا ٢١ی ئایار بەردەوام دەبێت جگە لە وڵاتانی G7 هەریەک لە یەکێتیی ئەورووپا، ئیندۆنێزیا، هیندستان، کۆریای باشوور، ئوسترالیا و ڤێتنام بانگهێشتکراون.
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن و هاوسەرەکەی، کیشیدا یوکۆ، لە بەردەم مۆزەخانەی یادەوەری ئاشتیی هێرۆشیما، پێشوازیان لە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی میوان کرد.
مۆزەخانەکە کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئاسەوار و پاشماوەی سەردەمی بۆمبی ئەتۆمی تێدا نمایش کراوە کە ساڵی ١٩٤٥ بەسەر شارەکەدا خرایە خوارەوە، یەکەم جارە سەرکردەکانی G7 بە کۆمەڵ سەردانی دەکەن.
کیشیدا و هاوسەرەکەی، سەرکردە میوانەکان و هاوسەرەکانیان با سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و هاوسەرەکەی، جیل بایدنی-شەوە بە مۆزەخانە مێژووییەکەدا گێڕا.
لە دوای سەردانەکە، سەرکردەکان بە مۆنۆمێنتی مۆزەخانەکەدا گەڕان کە بۆ قوربانیانی بۆمبی ئەتۆمی بنیاتنراوە و تاجە گوڵینەیان دانا.
بایدن بووە دووەم سەرۆکی ئەمریکا کە دوای هێرشە ئەتۆمییەکەی ساڵی ١٩٤٥ سەردانی هێرۆشیمایان کردووە. لە ساڵی ٢٠١٦دا باراک ئۆباما سەردانی شارەکەی کرد.
لووتکەی سەرکردەکانی G7 کە بە یەکێک لە پلاتفۆڕمە نێودەوڵەتییە گرنگەکان دادەنرێت لە چارەسەری کێشە سیاسیی و ئابوورییە جیهانییەکان، لە هۆتێل گراند پرایس هێرۆشیما بەرێوەدەچێت.
ئەمریکا لە شەشی ئابی ساڵی ١٩٤٥دا بە بۆمبی ئەتۆمی هێرشی کردە سەر هێرۆشیما و، لە نۆی ئابی هەمان ساڵیشدا بە بۆمبێکی دیکەی ئەتۆمی هێرشی کردە سەر ناکازاکی و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٢١٠ هەزار کەس.