Dmitri Chirciu
25 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2023
مۆسکۆ – AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رایگەیاند رێزگرتن لە بیروباوەڕە ئایینییەکان کارێکی "پێویستییە".
زاخارۆڤا لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی لە بەرامبەر لێدوانەکانی سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ سەبارەت بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز و خۆپیشاندانەکان لە سوید، نیشاندا.
ماریا زاخارۆڤا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرپرسیارە لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و جیاکاریی و گوتی: "مافی ئازادی رادەربڕین لە بەڵگە نێودەوڵەتییەکاندا، بەکارهێنانی دەستەواژەی رەخنەگرانە و سووکایەتیکردن بە هیچ ئایینێک لەخۆناگرێت بە تایبەتی سووتاندنی قورئانی پیرۆز کە بۆ موسڵمانان پیرۆزە. رێزگرتن لە بیروباوەڕە ئایینییەکان بژاردە نییە پێویستییە. بۆچی ستۆلتنبێرگ ئەمە نازانێت؟ چونکە رۆژئاوا نەخوێندەوارەکان لە شوێنە هەستیارەکان دادەنێن. ئیدارەدانی ئەمانە ئاسانە. بەمشێوەیە زۆربەی ئەورووپییەکان هەڵدەخەڵەتێندرێن. ئەگەر ئەو وڵاتانەی کە ئەنگلۆساکسۆنەکان کۆنتڕۆڵیان کردووە هەموولایەک ناچار دەکات کە دان بە رەگەزەکانی دیکەدا نەنێن، ئەوە دەبێت رێز لەو شتانە بگرن کە ملیۆنان کەس بە پیرۆزی دادەنێن".
- لێدوانەکانی ستۆلتنبێرگ
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند،:
"حکوومەتی سوید راستەوخۆ بە توندی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵم پایتەختی سوید و رووداوەکانی دیکەی نیشاندا و سەرکۆنەی کردن. بەڵام ئازادیی رادەربڕین بەهایەکی بەنرخە لە سوید و سەرجەم وڵاتانی دیکەی ئەندامانی ناتۆ. بۆیە ئەم کارە نەشیاوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بە نایاسایی هەژمار ناکرێت".