Sarp Özer
02 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2022
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خوڵوسی ئاکار رایگەیاند دەتوانین پشتیوانی کەشتی بکەین بۆ گواستنەوەی هاووڵاتيیانی مەدەنی و بریندارەکان و هاووڵاتیيانی تورکیا و وڵاتانی دیکە لە رێگەی دەریاوە لە ماریۆپۆڵەوە. لەو چوارچێوەیەشدا بەردەوامین لە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی رووسیا و ئۆکراینادا''.
سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی پاش سەرهەڵدانی شەڕو پێکدادانەکانی ئۆکراینا، ئاکار وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو پەیوەنديیە تەلەفۆنیيەی لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ و وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو ئەنجامیدا، ئاکار باسی لەوە کرد کە لە سەرەتای پرۆسەکەوە تورکیا بە رابەرایەتی سەرکۆماری وڵاتەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵێکی دیپلۆماسی چڕی خستووەتەگەڕ.
ئاکار باسی لەوە کرد کە خۆیشی پەیوەندیيەکی تەلەفۆنی زۆری لەگەڵ هاوتا رووس و ئۆکراینیەکەی ئەنجامداوە و، لە ئیستانبوڵیش لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ کۆبووەتەوە و، جەختی لەسەر گرنگیی هەرچی زوو راگەیاندنی ئاگربەست کردووەتەوە بۆ ئەوەی زیانی گیانی زیاتر نەکەوێتەوە و ئارامی و سەقامگیری دەستەبەر ببێت.
گوتیشی: ''وەک تورکیا بەردەوام دەبین لە دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ گەلی ئۆکراینا. سەبارەت بە گواستنەوەکانیش ئەو پشتیوانیيە پێشکەش دەکەین کە دەکەوێتە سەر تورکیا. پشتیوانیمان بۆ گەلی ئۆکراینا بەردەوامە''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گواستنەوەی هاووڵاتیيان لە شاری ماریۆپۆڵ کە هاووڵاتیيانی تورکیشیان لە نێودایە، ئاکار رایگەیاند: ''دەتوانین پشتیوانی کەشتی بکەین بۆ گواستنەوەی هاووڵاتيیانی مەدەنی و بریندارەکان و هاووڵاتیيانی تورکیا و وڵاتانی دیکە لە رێگەی دەریاوە لە ماریۆپۆڵەوە. لەو چوارچێوەیەشدا بەردەوامین لە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی رووسیا و ئۆکراینادا''.