Emre Aytekin
09 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە - AA
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تا سەرەتای مانگی ئەیلوول، زیاتر لە ٥٠٠ هەزار منداڵ پشکنینیان بۆ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ پۆزەتیڤ دەرچووە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ''The Hill'' لە راپۆرتێکدا کە لەلایەن ئەکادیمی پزیشکانی منداڵانی ئەمریکی و وەقفی نەخۆشخانەی منداڵانەوە بڵاوکراوەتەوە و لە ٢٠ ئاب تا سێی ئەیلوول لە دوو هەفتەدا نزیکەی ٧٠ هەزار منداڵ پشکنینی پەتاکەیان بۆ کراوە و حاڵەتەکانی تووشبوون لەو منداڵانەدا بە بەراورد بە دوو هەفتەی رابردووتر سەدا ١٦ زیادی کردووە.
بەپێی راپۆرتەکە لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە تا سێی ئەیلوول، ٥١٣ هەزار و ٤١٥ منداڵ پشکنینەکانیان بۆ پەتاکە پۆزەتیڤ دەرچووە.
لە کاتێکدا تێکڕای تووشبوون بە پەتاکە لەنێو منداڵاندا لە خوار سەدا ١٠ بووە، رێژەی ئەوانەی بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە تەنها هەزار و سێ کەسیان بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە بووە.
لە ١٨ ویلایەتی ئەمریکادا گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو پەتایەوە تۆمارنەکراوە.
لەو ویلایەتانەی زانیارییەکە پشتی پێ بەستوون تەمەنی منداڵانی تووشبووی پەتاکە تیایدا دەگۆڕێت لە هەندێ ویلایەتدا، تەمەنی منداڵان لە خوار ١٨ ساڵیەوە ئەژمارکراوە و لە هەندێکی دیکەیاندا لە خوار ١٤ ساڵییەوە.
لە ئەمریکا کە لەسەرتاسەری جیهاندا زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان و تووشبوونی بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکردووە، تا ئەمڕۆ شەش ملیۆن و ٥١٤ هەزار و ٣٧٦ حاڵەتی تووشبوون بە پەتاکە تۆمارکراوە و ١٩٤ هەزار و ٣٧ کەسیش بەهۆی ئەو پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە.