Zana Natık Kerem
05 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ سێشەممە ٤١یەمین لووتکەی کەنداو لە شاری عولا باکووری رۆژئاوای سعوودیە بەڕێوەدەچێت کە تیایدا ھەوڵدەدرێت قەیرانی کەنداو کە ماوەی سێ ساڵە درێژەی ھەیە، چارەسەر بکرێت.
شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز سەرۆکایەتی ٤١یەمین لووتکەی کەنداو دەکات.
لەسەروبەندی بەستنی لووتکەکە، جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان رایگەیاندووە کە بەستنی ئەم لووتکە، دەبێتە مایەی یەکریزی وڵاتانی کەنداو بۆ بەدیھێنانی خواستەکانیان.
میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات لە ٤١یەمین لووتکەی کەنداو. ھاوکات میری کوێتیش، نەواف ئەحمەد جابر سەباح سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات لە ٤١یەمین لووتکەی کەنداو لە سعوودیە.
نەواف ئەحمەد جابر سەباح دوای دەستبەکاربوونی لە ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو وەک میری کوێت، ئەمە یەکەمجارە بەشداری لە لووتکەی کەنداو دەکات. ھەروەھا جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و فەرمانڕاوی دوبەی، محەمەد بن راشد سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات بۆ بەشداریکردن لە ٤١یەمین لووتکەی کەنداو.
ھاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی سوڵتانشینی عومان، فەھەد بن مەحمود ئال سەعید سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات بۆ بەشداریکردن لە ٤١یەمین لووتکەی کەنداو.
ھەروەھا جێنشینی بەحرێن، سەلمان بن حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات بۆ بەشداریکردن لە ٤١یەمین لووتکەی کەنداو.
ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو لە ھەریەک لە سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، سوڵتانشینی عومان، کوێت و بەحرێن پێکدێت.
لە ٤١یەمین لووتکەی کەنداو لە شاری عولا باکووری رۆژئاوای سعوودیە بەڕێوەدەچێت، ھەوڵدەدرێت قەیرانی کەنداو کە ماوەی سێ ساڵە درێژەی ھەیە، چارەسەر بکرێت.
لە پێنجی ٢٠١٧دا ھەریەک لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر، ھەموو پەیوەنديیە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند، رێگا وشکانیی، ئاویی و ئاسمانییەکانیان بەڕوویدا داخست و گەمارۆی ئابوورییان خستەسەر، بەوەیش قەیران لە ناوچەی کەنداو سەریھەڵدا.
ئەو وڵاتانە ١٣ پێشمەرجیان بۆ قەتەر داناوە بۆ ھەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی خستوویانەتە سەری، کە داخستنی کەناڵی ئەلجەزیرە-شیان لەنێودایە.
لە بەرامبەردا قەتەر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو مەرجانە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەیەتی و، ئیدانەیان دەکات و دەڵێت جێبەجێیان ناکات.
دوێنێ دووشەممە وەزیری دەرەوەی کوێت، ئەحمەد ناسر سەباح رایگەیاندبوو کە سعوودیە و قەتەر لەسەر کردنەوەی سنوورە وشکانیی، دەریایی و ئاسمانییەکانی نێوانیان رێککەوتوون.