Mustafa Deveci
09 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2022
خارکیڤ – AA
سوپای ئۆکراینا، سەرلەنوێ شارۆچکەی بالاکلیا-ی لە باشووری خۆرهەڵاتی خارکێڤ کۆنترۆڵ کردەوە.
لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا کە سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، شەکانەوەی ئاڵای ئۆکراینا و سێ سەربازی ئۆکراینی لەسەر باڵەخانەیەکی شارۆچکەی بالاکلیا دەبینرێت.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا سەربازێک دەردەکەوەێ کە دەڵێت: "بەڕێز سەرۆکی دەوڵەت، فەرماندەی گشتی، بالاکلیا کۆنترۆڵ کرایەوە، فەرمانەکانت جێبەجێ کران".
لەو پەیامەدا کە زێلێنسکی لەگەڵ گرتە ڤیدیۆییەکەدا بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە: "هەموو شتێک لە جێی خۆیەتی. ئاڵای ئۆکراینا، ئۆکراینایەکی ئازاد، شارێکی ئۆکراینا لە ژێر ئاسمان. سوپاس. شانازیتان پێوە دەکەم".
لەو راگەیەندراوەدا کە ئەمڕۆ لە سوپای ئۆکرایناوە بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرا کراوە کە زیاتر لە ٢٠ یەکەی نیشتەجێبوون لە خارکێڤ لە ژێر دەستی هێزەکانی رووسیا دەرهێنراوە.
حاکمی ئیدارەی سەربازیی ناوچەی خارکێڤ، ئۆلێگ سینەگوبۆ ئەوەی راگەیاندبوو کە هێزەکانی ئۆکراینا لە خارکێڤ لە بەرامبەر هێزەکانی رووسیا دەستیان بە هێرش کردووە.
دوێنێ ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە چەند شوێنێکیان لە خارکێڤ لەژێر دەستی هێزەکانی رووسیا دهرهێناوه و رایگهیاند: "ئەم هەفتەیە هەواڵی خۆشمان لە خارکێڤەوە پێدەگات".