Sarmand Hameed
24 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2021
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرحمان ئال سانی کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا کە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن ئامادەی بوو، تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و چۆنێتی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و قەتەر کراوە لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو گەلی دۆست، ھەروەھا گفتوگۆشکرا دەربارەی دۆخی ناوچەکە و جیھان.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، لەسەرەتای دیدارەکەدا محەمەد بن عەبدولرحمان ئال سانی سڵاو و رێزی میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی گەیاندە بەرھەم ساڵح و نامەیەکی دەستنووسی تەمیم بن حەمەدی گەیاندە بەرھەم ساڵح کە تیایدا بە فەرمی بانگھێشتی کردووە بۆ سەردانیکردنی وڵاتی قەتەر.
ھەر لە دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح سڵاو و رێزی خۆی لە رێگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی قەتەرەوە گەیاندە تەمیم بن حەمەد.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق جەختیکردەوە بەرپرسیارییەتیەکی گەورە لە ئەستۆی وڵاتانی ناوچەکەدایە بۆ تێپەڕاندنی گرژی و قەیرانەکان لە رێگەی ھەماھەنگی و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ پشتیوانیکردن لە دیالۆگ و چارەسەری سیاسی بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان و کارکردن لەپێناو بەرقەرارکردنی سەقامگیری ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بیری توندڕەوی و پشتیوانیکردن لە دەرفەتی ھاریکاری ئابوروی و بازرگانی و گەشەپێدان.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح رایگەیاند، "زامنکردنی ئاسایش و ئارامی و پارێزگاری لەسەروەری عێراق کۆڵەکەی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی تەواوی گەلانی ناوچەکە".
لەلای خۆیەوە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ کاری ھاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان دووپاتکردەوە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، ھەروەھا پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و ئارامی و پاراستنی سەروەری عێراق و بەھێزکردنی ھاریکاری دووقۆڵی ھاوبەش لە تەواوی بوارەکاندا دووپاتکردەوە.