Sarmand Hameed
14 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2021
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی لە وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، مەحمود عەلەوی کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە سەرەتای دیدارەکەدا مەحمود عەلەوی پرسە و سەرەخۆشی سەرکردایەتی ئێرانی گەیاندە بەرھەم ساڵح و گەلی عێراق بەھۆی کارەساتی ئاگرکەوتنەوە له نەخۆشخانەی حوسێن لە ناسرییە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆکراوه لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی دراوسێ و گرنگی پەرەپێدانی بۆ ئاستێکی بەرزتر لە سەرجەم بوارە جیاجیاکان، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندیی ھاوبەشی ھەردوو وڵات و ھەموو ناوچەکە بکات.
ھەر لە دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختیکردووهتهوە لەسەر قوڵیی پهیوهندییه مێژووییەکانی نێوان عێراق و ئێران و پێویستی فراوانکردنی ھاریکاری دووقۆڵیی نێوان ھەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا، ھاوکات دووپاتیکردووهتهوە کە عێراقێکی تواناداری خاوەن سەروەری و سەقامگیر و پاراستنی پەیوەندییە ھاوسەنگەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەبێتە فاکتەرێک بۆ سەقامگیری و بەیەکگەیشتی بەرژەوەندیی ھاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە، ھەروەک دەببێتە مایەی بەھێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھەروەھا پشتیوانی ئێرانی لە عێراق بەرز نرخاندووه، بە تایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعش.
لای خۆیەوە وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئێران جەختی لەسەر گرنگی پەیوەندیی نزیکی نێوان ھەردوو وڵات و گەل کردووهتهوە و پشتیوانی سەرکردایەتیی ئێرانی دووپاتیکردووهتهوه بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پتەوکردنی ھەماھەنگی دووقۆڵی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.