Heman Hussein Yaseen
29 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2023
هەولێر - AA
شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێم بە نوێنەرایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی کۆنسوڵخانەی گشتی فەڵەستینی لە هەولێر کرد و وێڕای دەربڕینی هاوخەمیان بۆ گەلی فەڵەستین لەمەڕ ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە ناوچەکەیان دەگوزەرێت، پشتیوانی خۆشیان بۆ گەلی فەڵەستین ڕاگەیاند.
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی، کۆنسوڵی گشتی فەڵەستین، باڵیۆز نەزمی حەزوری تیشکی خستەسەر دۆخی ئێستای فەڵەستین و هیوای خواست کە ئەم ڕاگرتنە مرۆییە بۆ هەمیشە بێت بۆ ئەوەی ئاشتی و ئارامی بگەڕێتەوە ناوچەکە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، کۆنسوڵی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر، باڵیۆز نەزمی حەزوری گوتی: "ئەو دۆخەی ئێستا لە غەززە ھەیە، بێگومان تاوانکارییە کە ھاووڵاتییانی ژن، منداڵ و بەساڵاچووان دەکرێنە ئامانج، ھەرچەندە ئێمە ئەمڕۆ دڵخۆشین بەو ڕاگرتنە مرۆییەی کە ڕاگەیاندراوە بەڵام دەمانەوێت ئاگربەستێکی ھەمیشەیی بێت بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ گەلەکەمان لە غەززە، ھەروەھا ڕێگای چوونی ھاوکارییەکان بۆ خەڵک بکرێتەوە".
نەزمی حەزوری گوتیشی: "خەڵکی ھەرێم ڕێزێکی زۆریان لە گەلی فەڵەستین گرتووە و ھاوسۆزی خۆیان بۆ گەلەکەمان دەربڕیووە. داوا لە ھەموو لایەک دەکەین پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین بکەن".
هاوکات ئەندامی شاندەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، فەلاح مستەفا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سەردانی کۆنسوڵخانەی فەڵەستینمان کرد بۆ دەبڕینی هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ گەلی فەڵەستین لە ڕۆژی پشتیوانی نێودەوڵەتیی کە ئەمڕۆیە و لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەستنیشانکراوە".
فەلاح مستەفا گوتیشی: "لەم سەردانەدا، هاوسۆزی و پشتیوانی سەرۆکی هەرێممان بۆ گەلی فەڵەستین دووپاکردەوە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و چارەسەری دوو دەوڵەت، هاوکات بەبۆنەی ١٢هەمین ساڵیادی کردنەوەی کۆنسوڵگەری گشتی فەڵەستین لە هەولێر، هیوای سەرکەوتنمان بۆیان خواست".
ڕاگرتنی مرۆیی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لە هەفتەی ڕابردووەوە بە نێوەندگیری چەند وڵاتێک، کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و لەم ماوەیەشدا چەندین ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان هەردوولادا هەبووە.
لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ٢٤ی تشرینی دووەم کە ڕاگرتنی مرۆیی شەڕ و پێکدادانەکان ڕاگەیاندرا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی ٤٨ ڕۆژ لە ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو کوژراون، ١٥ ھەزار کەسی تێپەراند، لەوانەیش زیاتر لە شەش ھەزار و ١٥٠یان منداڵ و زیاتر لە چوار ھەزاریان ژنن.