Tevfik Durul
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2020
ئەسینا - AA
سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میتسۆتاکیس رایگەیاند کە هەمیشە ئامادەی دیالۆگن و لەو چوارچێوەیەشدا، بە ئەرێنیی پێشوازی لە یەکەم هەنگاوی تورکیا دەکەن بۆ رەواندنەوەی گرژییەکان.
کیریاکۆس میتسۆتاکیس لە کۆشکی ماکسیمو لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆلتنبێرگ کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، هەردوولا هەڵسەنگاندنیان بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا-یۆنان و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کرد.
سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میتسۆتاکیس جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ گرنگیی بە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕست دەدەن، بانگەشەی ئەوەشی کرد کە تورکیا لەو ناوچەیەدا وروژاندنی ئەنجامداوە.
کیریاکۆس میتسۆتاکیس دووپاتی کردەوە کە خواستی وڵاتەکەی ئەوەیە ناکۆکییەکان ئاشتییانە چارەسەر بکرێن و گوتی: ''ئێمە هەمیشە ئامادەی دیالۆگین و لەو چوارچێوەیەشدا بە ئەرێنیی پێشوازی لە یەکەم هەنگاوی تورکیا دەکەین بۆ رەواندنەوەی گرژییەکان''.
سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میتسۆتاکیس باسی لەوە کرد کە چاوەڕوانی دیاریکردنی وادەی گفتوگۆکان لەبارەی کنەکردن دەکەن، ئەوەشی خستەڕوو کە لەو کۆبوونەوانەدا، تەنها بابەتی سنووردارکردنی بوارەکانی دەسەڵاتی دەریایی لە ئیجە و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە رۆژەڤدا دەبن.
- ''هێڵی سوور رەنگە بواری دیپلۆماسی بکاتەوە''
لای خۆیەوە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆلتنبێرگ باسی لەوە کرد کە کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی نێوان هەردوولا لە بڕۆکسل لەژێر چاودێری ناتۆدا لەبارەی شێوازەکانی جیاکردنەوە بەسوود بووە و ئاماژەی بەوە کرد میکانیزمی ''هێڵی سوور'' کە دانراوە بۆ دەستەبەرکردنی پەیوەندی بەردەوامی لایەنەکان هاوکار دەبێت لە رەواندنەوەی گرژییەکان.
یانس ستۆلتنبێرگ سوپاسی هەردوو هاوپەیمانی کرد بۆ هەوڵەکانیان و گوتی: ''دەکرێت ئەو میکانیزمە بوارێک بۆ هەوڵە دیپلۆماسیەکان بکاتەوە''.
ستۆلتنبێرگ هەروەها باسی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە چالاکییەکانی رووسیا کردووە لە دەریای رەشدا، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو بابەتە لە نزیکەوە پەیوەندی بە ئاسایشی هاوپەیمانانەوە هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، نزیکەی ٥٠٠ خۆپیشاندەر کە لەسەر بانگهێشتی پارتی کۆمۆنیستی یۆنان (KKE) گردبوونەوە، بەمەبەستی کاردانەوە بەرامبەر سەردانەکەی یانس ستۆلتنبێرگ بەرەو مەیدانی سینتاگما رێپێوانیان ساز کرد کە بینای پەرلەمانی لێیە و دروشمەکانی ''ئەمریکای بکوژ''، ''ناتۆی خوێنڕێژ ناتوانێت نێوەندگیری بکات'' و ''بکوژ ملت بشکێنە''یان دەگوتەوە، دواتر خۆپیشاندانەکە بێ هیچ رووداوێک کۆتایی پێهات.