Yusuf Özcan
26 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2022
پاریس- AA
سەرۆکی فەڕەنسا ئێمانوئێل ماکرۆن لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیدا جارێکی دیکە بەسەر رکابەرەکەی، مارین لۆپاندا سەرکەت و بە سەرکۆماری فەڕەنسا هەڵبژێردرایەوە.
دوێنێ هاووڵاتییانی فەڕەنسا بۆ دیاری کردنی سەرکۆماری وڵاتەکەیان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دوای جیاکردنەوەی تەواوی دەنگەکان، سەرکۆماری فەڕەنسا، ئێمانوئێل ماکرۆن سەدا ٥٨،٥٤ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سەرکەوت بەسەر لۆپاندا کە سەدا ٤١،٤٦ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.
بەگوێرەی ئەنجامەکان، ماکرۆن ١٨ ملیۆن و ٧٧٩ هەزار و ٦٤١ دەنگ و لۆپان ١٣ ملیۆن و ٢٩٧ هەزار و ٧٦٠ دەنگی بەدەستهێناوە.
ئەو کەسانەشی دەنگیان نەداوە رێژەی سەدا ٢٨،٠١ی دەنگدەرانن کە دەکاتە ١٣ ملیۆن و ٦٥٦ هەزار و ١٠٩ کەس، لە ساڵی ١٩٦٩ەو تا ئێستا ئەمە زۆرترین ژمارەی هاووڵاتییانە کە بەشداری دەنگدانیان نەکردبێت.
لە بەرامبەریشدا سەدا ٧١،٩٩ی دەنگدەران بەشداری پڕۆسەکەیان کردووە.
بەم ئەنجامەش ئێمانوئێل ماکرۆنی ٤٤ ساڵ بۆ جاری دووەم بووەوە سەرکۆماری فەڕەنسا و بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکەش ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبات.
بڕیاریشە رۆژی ٢٧ی نیسان ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای دەستووری فەڕەنساوە رابگەیەندرێت.
لە ١٣ی ئاداریشدا ماکرۆن لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بۆ جاری دووەم پۆستی سەرکۆماری فەڕەنسا وەردەگرێتەوە.
بڕیاریشە کابینەی حکوومەتەکەی سەرۆک وەزیران، جان کاستێکس دوای یەکی ئایار دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی ماکرۆن، بکات.
- دەنگەکانی لۆپان زیادیان کردووە
لە ساڵی ٢٠١٧شدا هەریەکە لە ماکرۆن و لۆپان رکابەرییان کرد بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرکۆماری فەڕەنسا، لە ئاکامدا ماکرۆن سەدا ٦٦،١ی دەنگەکان و لۆپان سەدا ٣٣،٠٩ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
بەڵام لە هەڵبژاردنەکەی ئەم جارەدا بەراورد بە هەڵبژاردنەکەی ٢٠١٧، رێژەی دەنگەکانی لۆپان بە رێژەی سەدا حەوت واتە دوو ملیۆن و ٦٦٠ هەزار و ٦٤٠ دەنگ، زیادی کردووە.
باوکی مارینە لۆپێن، جان-ماری لۆپێن لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری فەڕەنسا ٢٠٠٢ بووە یەکەم راستڕەوی پەڕگیر لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بچێتە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرکۆمارییەوە.
جان-ماری لۆپێن کە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا لەگەڵ جاک شیراک کەوتە کێبڕکێ، لە سەدا ١٧،٧٩ (٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دەنگ)ی بەدەست هێنا. بەم جۆرە مارینەی کچی دوای ٢٠ ساڵ رێژەی دەنگەکانی باوکی بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیاد کرد.
مارینە لۆپێن لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دوێنێیدا هەرچەند سەرنەکەوتنی لە هەڵبژاردنەکە راشگەیاندبێت بەڵام بەدەستهێنانی رێژەی دەنگەکانی وەک "سەرکەوتن" لەقەڵەم دا.
لە کاتێکدا ئەوەی بووە جێی سەرنج لە هەڵبژاردنەکەی دوێنێدا مارینە لۆپێن لە دوورگەکانی لا رێونیۆن، گویان ومایاتۆ کە دەکەونە خاکی ئەودیوو دەریا پلەی یەکەمی بە دەست هێنا و لە ناو فەڕەنسایش زیاتر لە شارە بچووکەکان، گوندەوارەکان و ناوچەکانی باکوور، رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات یەکەم بوو.
میدیای فەڕەنسا وای لێک دەدەنەوە زیادبوونی دەنگەکانی مارینە لۆپێن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە راستڕەوێتیی پەڕگیر بووەتە راستییەک لەناو سیاسەتی فەڕەنسادا.
- هەڵبژاردنە گشتییەکان
دوای هەڵبژاردنی سەرکۆماری فەڕەنسا ئێستا رای گشتی ئەو وڵاتە چاوی بڕیووەتە هەڵبژاردنە گشتییەکان کە لە مانگی حوزەیراندا ئەنجام دەدرێت و وەک "خوولی سێیەمی هەڵبژاردنی سەرکۆمار" لەقەڵەم دەدرێت.
ئێستا لای خەڵک بووەتە جێی قسە و باس کە داخۆ پارتەکەی ماکرۆن کە رێپێوانی کۆماری LREMیە زۆرینەی ئەنجوومەنی نیشتمانی بەدەست دەهێنێت یاخود نا.
راستڕەوی پەڕگیر مارینە لۆپێن و چەپڕەوی پەڕگیر، ژان لوک مێلێنشۆن رایانگەیاندووە کە هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە گشتییەکان و بە دەستهێنانی زۆرینە لە پەرلەمان.