Muhammed Semiz,Halime Afra Aksoy,Ali Semerci
24 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2021
رامەڵڵا - AA
چالاکوانی ئۆپۆزسیۆنی فەڵەستینیی سەربەخۆ، نزار بەنات، پاش ماوەیەکی کورت لە دەستگیرکردنی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی فەڵەستینەوە، گیانی لەدەستدا.
پارێزگاری شاری ئەلخەلیل لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو، جەبرین بەکری، لە راگەیەندراوێکدا زانیاری لەسەر گیانلەدەستدانی بەنات دوای ماوەیەکی کورت لە دەستگیرکردنی، بڵاوکردەوە.
جەبرین بەکری ئاشكرایكرد، ئەم بەیانییە لەسەر فەرمانی داواکاری گشتی ھێزە ئەمنییەکانی فەڵەستین بەناتیان دەستگیرکردووە و لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا باری تەندروستی تێکچووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی ئەلخەلیل، گیانی لەدەستداوە.
عەممار بەنات، کە بەناوی خێزانی بەناتەوە لێدوانی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دا، ئاماژەی بەوە کرد کە نزار بەنات کوژراوە.
عەممار ئاشکرایکرد کە ھێزە ئەمنییەکانی فەڵەستین کاتژمێر سێ و نیوی بەیانی نزاریان دەستگیرکردووە و گوتی: "ھێزە ئەمنییەکان دەرگای ماڵی نزاریان شکاندووە و چوونەتە ژوورەوە. بە دار و کوتەک و ئاسن لێیان داوە".
گوتیشی: "ھێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان پێداکرد. بەشێوەیەکی زۆر ناشرین جلوبەرگیان لەبەردا داکەند و لێیاندا و لەگەڵ خۆیان بردیان".
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و گرووپەکانی فەڵەستین، سەرکۆنەی دەستگیرکردن و گیانلەدەستدانی نزار بەناتیان کرد و داوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە کرد.
بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی راگەیەندراوێکهوه، دەزگای ئاسایشی فەڵەستینی بە بەرپرس لە کوشتنی نزار بەنات دانا و بە توندی سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد.
راگەیەندراوەکەی حەماس، جەخت لەوە دهكاتهوه کە تەواوی بەرپرسیارێتی گیانلەدەستدانی بەنات دەکەوێتە ئەستۆی سەرۆکی فەڵەستین، مەحموود عەباس و تیایدا ھاتووە: "ئەمە تاوانێکی پلان بۆ داڕێژراوە و رەنگدانەوەی ھەڵوێستی ئیدارەی فەڵەستین و دەزگای ئاسایشی فەڵەستینی لە دژی خەڵکەکەمان و چالاکوانانه".
- ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکان
نوێنەرایەتی یەکێتی ئەورووپا له فەڵەستین "دڵتەنگی" خۆی له گیانلەدەستدانی نزار بەنات دهربڕی.
نوێنەرایەتییەکە، لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تویتەر، سەرسووڕمانی خۆی لە بەرامبەر گیانلەدەستدانی چالاکوان نزار بەنات، دوای ماوەیەکی کورت لە دەستگیرکردنی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی فەڵەستینەوە دەربڕی.
لەلای خۆیەوە حکوومەتی فەڵەستین رایگەیاند کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی فەرمييان لەسەر گیانلەدەستدانی نزار بەنات پێكهێناوە.
- رێگرتن لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی له رامەڵڵا
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە شایەتحاڵەکانەوە بەدەستھاتوون، ھێزە ئەمنییەکانی فەڵەستین، رێگرییان لەو خۆیپشاندانە کردووە کە چالاکوانەکان بۆ سەرکۆنەکردنی گیانلەدەستدانی نزار بەنات لە رامەڵڵا دەستیان پێکردووە و بڵاوەیان پێکردوون.
ھێزە ئەمنییەکان بە بەکارھێنانی گازی فرمێسکڕێژ، رێگرييان لە خۆپیشاندەران کرد کە لە گۆڕەپانی ئەلمەنارە لە ناوەندی شاری رامەڵڵاوە دەیانویست بەرەو باڵەخانەی سەرۆکایەتی دەوڵەتی فەڵەستین برۆن و بڵاوەيان پێکردن و لە دەیان چالاکوانیان دا.