Emre Gürkan Abay,Ramal Abdullah Mahmood
15 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2017
مۆسکۆ – AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ تیشکی خستە سەر ئەوەی کە مۆسکۆ، ئەنقەرە و تاران لە سەدا سەد ئامانجەکانیان وەک یەک نیین، بەڵام هەرسێ وڵات تێگەیشتنێکی هاوبەشیان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.
لاڤرۆڤ لە میانی پێشکەشکردنی گوتاریک لە کۆنسەی فیدراسیۆن لە مۆسکۆ، تێڕوانینەکانی رووسیای بۆ پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان خستە روو.
لاڤرۆڤ هیوای خواست کە ئەو گرژەیەی کەوتووەتە نێوان پەیوەندییەکانی رووسیا و ئەمریکا قوڵنەبێتەوە، گوتی: "بەڵام بەرپەرچی هەرجۆرە جوڵەیەکی دوژمنکارانە دەدرێتەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە خوازیاری ئەوەن هەنگاوی بونیاتنەر لەگەڵ ئەمریکا بنێن و هەماهەنگی یەکتر بکەن، گوتیشی: "بەداخەوە هەنگاویکی لەم شێوەیە لە لایەن ئیدارەی ئەمریکاوە نابینین. لەم ماوەیەی دواییدا ئەمریکا زنجیرەیەک هەنگاوی نا لە دژی رووسیا".
لاڤرۆڤ پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمریکا درێژ کرد بەوەی بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی رووسیا غازی سرووشتی خۆی بە ئەورووپا دەفرۆشێت، بەهۆی ئەمریکاشەوە ئەورووپا ناچار بووە خەرجی بەرگریی خۆی زیاتر بکات.
لاڤرۆڤ لە بارەی رەوشی سووریایشەوە گوتی: "مۆسکۆ، ئەنقەرە و تاران لە سەدا سەد ئامانجەکانیان وەک یەک نیین. هەر وڵاتێک بۆچوونی جیاوازی هەیە لە سەر کێشەکانی ناوچەکە، بەڵام هەرسێ وڵات تێگەیشتنێکی هاوبەشیان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا".
لاڤرۆڤ تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە رووسیا، تورکیا و ئێران لە سەر گرنگی راگرتنی هاوسەنگی فرەیی نەتەوەیی و ئایینی لە سووریا رێککەوتوون.