Azat Muhammet
05 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2017
دهۆک - AA
- دواى پەسەندکردنى لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى لیوایەکى دیکە لە پێشمەرگەى عەرەب لە چوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگە دادەمەزرێن، بەڕێوەبەرى هۆشیارى و راگەیاندنى وەزارەتى پێشمەرگەش دەڵێت "لێکتێگەیشتنێکى نێودەڵەتى هاوبەش لە نێوان هەرێم و هاپەیمانان هەیە لەبارەى دروستکردنى ئەو جۆرە هێزانە".
- گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا، موزاحم ئەحمەد حوێت: "سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى رەزامەندى دەربڕیوە لەسەر ناونووسکردنى زیاتر لە هەزار پێشمەرگەى عەرەب، لە ئێستادا ناونووسین دەستى پێکردووە و لە چەند رۆژى داهاتوو مەشق و راهێنانى سەربازى دەست پێدەکات".
بەڕێوەبەرى هۆشیارى و راگەیاندنى وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، عەمید هەڵگورد حیکمەت بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "دروستکردنى هێز لە پێکهاتەى غەیرە کورد فەرمانێکى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانی-یە وەک فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى هەرێم، وەزارەتى پێشمەرگە ئەم فەرمانە جێبەجێ دەکات".
عەمید هەڵگورد حیکمەت دووپاتى کردەوە کە ئەو هێزانە بۆ هاووڵاتییانى ئەو ناوچانە دروستکراون کە تێیدا نیشتەجێن وەک ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، ئەو پلان و ستراتیجیەتە بۆ ئەو چوارچێوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى دانیشتوانى ئەو ناوچانە وەک ئێزدى، شەبەک، کریستیان لەنێویشیاندا عەرەب خۆیان بەرگرى لە ناوچەکانى خۆیان بکەن".
بەڕێوەبەرى هۆشیارى و راگەیاندنى وەزارەتى پێشمەرگە نایشارێتەوە کە دروستکردنى هێزى لەو چەشنە بە جۆرە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنێک لە نێوان هەرێمى کوردستان و هاوپەیمانان دروستکراوە، پلان و بیر و بۆچوونێکى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى هاوبەش هەیە بۆ چۆنیەتى پاراستن و ئیدارەدانى ناوچانە".
لە هەمان کاتیشدا گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا، موزاحم ئەحمەد حوێت بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى رەزامەندى دەربڕیوە لەسەر ناونووسکردنى زیاتر لە هەزار پێشمەرگەى عەرەب، لە ئێستادا ناونووسین دەستى پێکردووە و لە چەند رۆژى داهاتوو مەشق و راهێنانى سەربازى دەست پێدەکات".
گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا دەڵێت "دواى ئەوەى سەرۆک هۆزە عەرەبەکانى ناوچەى رۆژئاواى دیجلە داوایان لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى کرد کە لیوایەکى دیکە لە پێشمەرگەى عەرەب پێکبهێنى بۆ پاراستنى ناوچەکانى رەبیعە، زوممار، بەعاج، بلێج، عیازییە ، جەزیرە و تەلعەتبە، سەرۆکى هەرێم رەزامەندى دەربڕیوە و لە ئێستادا پرۆسەى ناونووسکردنى ئەو هاووڵاتییە عەرەبانە دەستپێکردووە و لە چەند رۆژى داهاتوو دواى کۆتایی هاتنى پرۆسەى ناونووسکردن، راستەوخۆ دەست بە مەشق و راهێنانى سەربازى دەکەن".
گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا، موزاحم ئەحمەد حوێت دەشڵێت "مەشق و راهێنانى سەربازى ئەو پێشمەرگانە لەلایەن فەرماندەیی زێرەڤانى دەبێت کە هەموو جۆرە مەشقێک لەخۆ دەگرێت، هەر لە چۆنییەتى راهێنانى بەکارهێنانى چەکى سووک، مامناوەند و قورس تەنانەت شەڕى کۆڵان بە کۆڵان و رووبەڕووبوونەوە و هێرش بردنیش فێر دەکرێن، ئەو لیوایە ئەرکی پێشمەرگایەتییان سنووردارە و تەنها لەو ناوچانە دەتوانن ئەرکى سەربازى ببینن کە لێى دامەزرێندراون".
گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا ئاماژەى بەوەدا کە گەنجانى عەرەب بە پەرۆشن بۆ ئەوەى ببنە پێشمەرگە و فەرمان لە سەرۆکى هەرێم و وەزارەتى پێشمەرگە وەربگرن، ئەو گەنجانە لەبرى ئەوەى ریزى حەشدى شەعبى و چەکدارانى پەکەکە هەڵبژێرن، وەزارەتى پێشمەرگەیان هەڵبژاردووە.
شایەنى باسە پێش زیاتر لە دوو مانگە یەکەم لیواى پێشمەرگەى عەرەب بەناوى لیواى جەزیرە خولى مەشق و راهێنانى سەربازییان تەواو کرد، لە ئێستادا لە سنوورەکانى رۆژئاواى دیجلە لە ئەرکدان. تا ئێستا هیچ ناو و ناونیشانێک بۆ ئەم خولە دانەنراوە بڕیاروایە دواى تەواو بوونى خولەکە هاوشێوەى لیواى جەزیرە ناوێک بۆ ئەم هێزە نوێیەى پێشمەرگەى عەرەب دابنرێت. هێزەکە سەربە پێشمەرگەى زێرەڤانییە.