Ala Hammoudi,Hamdi Yıldız
18 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2023
تونس - AA
لە تونس هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەرکردەی بزووتنەوەی نەهزە و سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، راشد غەنووشی و دواتر دەستبەسەریان کرد.
سەرکردە لە بزووتنەوەی نەهزە و وەزیری پێشووی دەرەوە، رەفیق عەبدولسەلام لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بابەتێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە غەنووشی دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کراوە.
بزووتنەوەی نەهزەش لە راگەیەندراوێکدا بانگەوازێکی ئاراستەی ئۆپۆزسیۆنی تونس کرد و داوای لێکرد "هەمووان بە یەک ریز دژ بەو فشار و پێشێلکارییانە بوەستنەوە کە بەرامبەر ماف و ئازادییەکانی سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامدەدرێن".
لە راگەیەندراوەکەدا دەستبەسەرکردنی غەنووشی وەک "پێشهاتێکی زۆر مەترسیدار" ئیدانە کراوە و داوای ئازادکردنی بەپەلەی رابەری بزووتنەوەکە کراوە.
هەروەها رادیۆی "Mosaïque FM" لە هەواڵێکیدا لە بارەی دەستبەسەرکردنی غەنووشی-یەوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە "غەنووشی لە میانی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە پلانی پشت ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە دزەپێکراوەی کە تایبەت بووە بە گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکانی بەرەی رزگاری نیشتمانیی دەستبەسەر کراوە".
تا ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەکان روونکردنەوەی فەرمییان دەربارەی دەستبەسەر کردنی ناوبراو نەخستووەتەڕوو.