Utku Şimşek,Yusuf Soykan Bal
02 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2025
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بڵاویکردەوە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی سنوورەکان بە باکووری عێراق و سووریاوە ئەنجامدراون، ٤٩ تیرۆریست لە چالاکی خراون.
ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک لە بینای وەزارەتەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ساز کرد.

ئاکتورک باسی لەوە کرد کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ٤٩ تیرۆریستی دیکە لە چالاکی خراون و ڕایگەیاند: "ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە ساڵی ٢٠٢٤دا لەچالاکی خراون گەیشتووەتە سێ هەزار و ٧٠ تیرۆریست، لەوانەیش هەزار و ٤٩١یان لە باکووری عێراق و هەزار و ٥٧٩یان لە باکووری سووریا بوون".

ئاکتورک باسی لەوە کرد کە بەشێوەیەکی چڕ و ورد ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی سنوورەکان و، ڕایگەیاند: "لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا ١٠٩ کەس دەستگیرکراون کە بەنیازبوون بە ڕێگەی نایاسایی سنوور ببەزێنن، لەوانەیش یەکێکیان ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستیی بووە. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی ٢٠٢٤دا هەوڵیانداوە بە ڕێگەی نایاسایی سنووری وڵات ببەزێنن دەستگیرکراون گەیشتووەتە ١٣ هەزار و ٩٣٩ کەس".
