Hakan Çopur,Başar Bayatlı
29 کانوونی دووەم 2026•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2026
واشنتۆن ــ AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕۆبیۆ ڕایگەیاند کە ئەگەری گۆڕینی دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران، زۆر لە گۆڕینی دەسەڵاتی ڕژێمی ڤێنیزوێلا ئاڵۆزترە.
مارکۆ ڕۆبیۆ لە میانی دانیشتنێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری گۆڕینی دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران، گوتی: "من لەو باوەڕەدام کە ئەمە زۆر ئاڵۆزتر دەبێت لەو بارودۆخەی کە ئێستا لە ڤێنیزوێلا باسی دەکەین، چونکە ئێمە باسی رژێمێک دەکەین کە ماوەیەکی زۆرە لە دەسەڵاتدایە. بۆیە ئەگەر سیناریۆیەکی لەو شێوەیە سەرھەڵبدات، پێویستە بە وردی بیری لێبکەینەوە".
ڕوونیشیکردەوە، بوونی سەربازیی ئێستای ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە پلەی یەکەم بۆ مەبەستی بەرگریی بەھێزتر کراوە، ئاماژەی بەوەداوە کە ئیستا لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٠ ھەزار سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە جێگیرکراون.
گوتیشی: "پێویستە سەربازانی ئەمریکا لە ھەڕەشەکانی ئێران بپارێزرێن".
ڕاشیکەیاند: "بۆ ئەوەی بتوانین بەرگریی لە سەربازانی خۆمان بکەین، پێویستە ھێز و توانای پێویستمان ھەبێت لە ناوچەکەدا، ھەروەھا ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل".
ھەروەھا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەری ھەیە ڕژێمی ئێران لە ھەموو کاتێک لاوازتر بێت و تارانی بەو تۆمەتبار کرد کە داواکارییە سەرەتاییەکانی خۆپیشاندەران لەو وڵاتەدا، پشتگوێخستووە.