Heman Hussein Yaseen
18 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کرد لە پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیھان، کاردینال لویس ساکۆ و شاندی یاوەری.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە دیدارێکدا، دۆخی پێکھاتەی کلدان و مەسیحییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەگشتی و رەوشی ئاوارە مەسیحییەکان لە ھەرێمی کوردستان تاوتوێکراوە، ھەروەھا تیشک خراوەتە سەر دۆخی دەشتی نەینەوا و مەسیحییەکانی مووسڵ و ناوچەکە.
راشیگەیاندووە کە ھەردوولا ھاوڕابوون کە متمانە و دڵنیایی پێویستە بۆ ئەوەی ئاوارە مەسیحییەکان بتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و دەست بە ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچەکانیان بکەن کە لە ئەنجامی ھێرشەکانی داعشدا زیانی زۆریان بەرکەوتووە و پێویستییان بە یارمەتی و ھاوکاریی نێودەوڵەتی ھەیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش کردووە کە کاردینال ساکۆ ستایشی پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن، لێبوردەیی، ئاوەدانی و پێشکەوتن و رۆڵی سەرکردایەتی لە ھەرێمی کوردستان کردووە و دووپاتی کردووەتەوە کە کوردستانیبوون ناسنامەیەکی کۆکەرەوەی ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانە و ئاوارە مەسیحییەکان لە وڵاتانی جیھان دەتوانن بگەڕێنەوە تا بە ئارامی و دڵنیایی لە کوردستان بژین و ھاوبەشی و بەشداری لە پێشخستن و ئاوەدانکردنەوەیدا بکەن.
هەروەها ئەوەیشی خستووەەڕوو، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان شانازی بە کولتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیییەوە دەکات و وەک ھەمیشە بە لانەی ئارامی ھەموو پێکھاتەکانی دەمێنێتەوە.
باسی لەوەیش کردووە کە ھەردوولا سەردانی پاپای ڤاتیکان-یان بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کە رۆڵی لە قووڵکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیاندا ھەیە، بە گرنگ لە قەڵەمداوە.
هەروەها رایگەیاندووە کە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و چەند پرسێکی تایبەت بە کاروباری کڵێسا و مەسیحییەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەی نێچیرڤان بارزانی و لویس ساکۆ بووە.