Kasım İleri
29 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2021
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رەوشی کابول پایتەختی ئەفغانستانی بە ''زۆر مەترسیدار'' ناوزەند کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەرێکی زۆر هەیە لە ماوەی ٢٤ بۆ ٣٦ کاتژمێردا، هێرشێکی دیکە بکرێتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حامید کارزای لە کابول.
جۆ بایدن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی و فەرماندەکانی ناوچەکە لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا، ئەو هێرشە ئاسمانییە تاوتوێ کراوە کە هێزەکانی ئەمریکا رۆژی پێشتر کردوویانەتە سەر چەکدارانی داعش و گوتی:
''ئەم هێرشە کۆتا نییە. بەردەوام دەبین لەسەر دەستگیرکردن و بەسزاگەیاندنی هەر کەسێک تێوەگلابێت لەو هێرشە ناپاکەدا (کە لە کابول کوژرانی ١٣ سەربازی ئەمریکی لێکەوتەوە)''.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی سەربازانیان هەموو جۆرە رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر و گوتی: ''رەوشی گۆڕەپانەکە بەردەوامە لەوەی کە زۆر مەترسیدارە و ئەگەری هێرشێکی تیرۆریستیی نوێ بۆسەر فڕۆکەخانە بەرزە. فەرماندەکانمان ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەگەری هێرشێکی نوێ لە ماوەی ٢٤ بۆ ٣٦ کاتژمێردا زۆر بەرزە''.
جۆ بایدن ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە دوێنێ لە کابولەوە شەش هەزار و ٨٠٠ کەسی دیکەیان گواستووەتەوە و لە دوای جێهێشتنی ئەو وڵاتە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ئەو وڵاتە جێبهێڵن، ئەوەشیان لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کردووە.