Muhammet Ali Kemal
10 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2016
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆن، پیتەر کووک وێڕای ئاماژەدان بەوەی ئەوان گرتنە بەری هەر رێ و شوێنێک لەلایەن تورکیاوە لەسەر سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ سووریا بەمەبەستی سەقامگیریی ئاشتییە و ئاسایش بە گرنگ دەزانن، رایگەیاند: ''بۆ ئەوەی تورکیا هەست بکات لە ئارامیدایە، ئێمە ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین. لەوبارەیەشەوە درێژە بە کارەکانمان لەگەڵ ئەنقەرە دەدەین''.
پیتەر کووک بە ئاماژەدان بە هەریەک لە هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشی بۆ سەر شاری کلیس و لێدوانەکەی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کە رایگەیاندبوو ''تورکیا بەتەنها جێهێڵراوە''، رایگەیاند: ''ئایا هیچ شتێک هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا جگە لەوەی ئێمە تا ئێستا پێشکەشی تورکیامان کردووە؟''.
کووک باسی لەوە کرد کۆبوونەوەکان بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئەو هەڕەشانەی لەسەر تورکیایە لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ سووریا بەردەوامە و بەرپرسانی ئەمریکا و کاربەدەستدانی حکوومەتی ئەنقەرە لە پەیوەندیدا سەبارەت بە نیگەرانییە ئەمنییەکان و پاراستنی سنوورەکان بەردەوامن.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند: ''ئێمە دەمانەوێت ئەوەی لەدەستمان دێت ئەنجامی بدەن بۆ ئەوەی تورکیا هەست بکات لە ئارامی و سەقامگیریدایە. لەو بارەیەشەوە بەردەوام دەبین لەکارکردن لەگەڵ ئەنقەرە''.
پیتەر کووک ئاماژەی بەوە کرد لە کاتێکدا باس لە پاککردنەوەی رووبەرێکی ٩٨ کیلۆمەتریی لەسەر سنووری تورکیا و سووریا لە داعش دەکرێت، ئەوان نیگەرانیی و دڵەڕاوکێیان سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەو رێکخراوە بۆ سەر تورکیا هەیە.
کووک جەختی لە گرنگیی پاککردنەوەی ئەو رووبەرە لە داعش کرد و رایگەیاند: ''ئێمە پێمان وایە هەر رێ و شوێنێک گرنگی خۆی هەیە کە ببێتە مایەی بەرزکردنەوەی ئاستی سەقامگیری و ئاسایش لەسەر سنوور بەڵام من لێرەدا ناچمە نێو ئەو کۆبوونەوە تایبەتانەوە کە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا لەوبارەیەوە ئەنجاممان داوە. ئێمە چاودێریی وەدیهێنانی ئەو ئامانجە دەکەین و جەخت لە بەرژەوەندی هاوبەشی ئەمریکا و تورکیا لە پاککردنەوەی ئەو ناوچەیە دەکەین''.
- ''هاوپشتی تورکیاین''
یەکێک لە گوتەبێژانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەناوی ئێلیزابێس ترودیۆ رایگەیاند ئەوان بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی تورکیا کە بەرەوڕووی هێرش و پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بووەتەوە.
ترودیۆ ئاماژەی بەوەشکرد تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگی پەیمانی ناتۆیە و رایگەیاند: ''ئەو وڵاتە، وڵاتێکی گرنگە لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا''.
ئەو گوتەبێژە راشیگەیاند: ''هەروەک بەردەوام ئاماژەمان پێ کردووە، بەشێوەیەکی زۆر پتەو هاوپشتی تورکیا دەبین''.
سەرکۆماری تورکیا پێشتر لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو: "ئێمەیان بەجێ هێشت لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کە لەلایەکەوە لە رێگەی خۆکوژەکان و لەلایەک دیکەوە لە رێگەی پەلامارەکانی سەر کلیسەوە، دەمانکوژن''.