Muhammet Kurşun,
01 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2019
تاران - AA
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف لەهەمبەر لێدوانێکی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ كه رایگه‌یاندبوو كه‌شتی ئه‌دریان ده‌ریا-١ی ئێران به‌ره‌و سووریا چووه رایگه‌یاند ''ئێمه نه‌وت به هه‌ر كه‌سێك و هه‌ر کڕیارێک كه بمانه‌وێت ده‌فرۆشین''.
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له لێدوانێکیدا كه له هه‌ژماری خۆی له تویته‌ر بڵاویكردووەتەوە، وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی مایک پۆمپیۆی داوهتەوه كه رایگه‌یاندبوو، كه‌شتییه‌كه‌ی ئێران به‌ره‌و سووریا چووه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف رایگه‌یاند ''ئه‌مریكا به چه‌ته‌یی ده‌ریا و هه‌ڕه‌شه به‌رده‌وامه له‌سه‌ر رێگرتن له ئێران له فرۆشتنی نه‌وت به کڕیارە دێرینه‌كانی. به‌ڕێز پۆمپیۆ هه‌ر بۆخۆتان بڵێن! ئێمه نه‌وت به هه‌ر كه‌سێك و هه‌ر کڕیارێک كه بمانه‌وێت ده‌فرۆشین''.
دوێنێ هەینی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایک پۆمپیۆ له هه‌ژماری خۆی له تویته‌ر رایگه‌یاندبوو ''وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف گه‌ره‌نتی دابوو به به‌ریتانیا له‌وه‌ی ئه‌دریان ده‌ریا -١ نه‌چووه بۆ سووریا، به‌ڵام به‌ڵگه‌ی جێ متمانه‌مان لەبەردەستە كه ئه‌و نه‌وت هه‌ڵگره چووه بۆ به‌نده‌ری تەرتوس (باکووری رۆژئاوا)ی سووریا''.
له لایه‌كی دیكه‌وه، حكوومه‌تی ئه‌مریكا به هۆی پێشێلكردنی سزاكانی سه‌ر سوپای پاسداران كه‌شتی ئێرانی ''ئه‌دریان ده‌ریا-١'' كه ئاڵای پانامای بەرزکردووەتەوە خسته لیستی سزاكانه‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردبوو كه ئه‌و كه‌شتییه له به‌رژه‌وه‌ندی فەیلەقی قودس سه‌ربه سوپای پاسداران نه‌وتی فرۆشتووه.