Zana Natık Kerem
24 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2023
ھەولێر – AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە نیویۆرک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسر، سامح شوکری و وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی کۆبووەوە و لە میانیدا، ڕێگاکانی کاراکردنی ھاریکارییەکانی نێوان ھەرسێ وڵاتیان تاوتوێ کرد، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووریی و سیاسییدا.
کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی عێراق، میسر و ئوردن لە پەراوێزی خولی ٧٨مین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ئەنجامدرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێکردنی ڕێگاکانی کاراکردنی ھاریکارییەکانی نێوان عێراق، میسر و ئوردن بە تایبەت لە بوارەکانی ئابووریی و سیاسییدا تاوتوێکراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حوسێن، سامح شوکری و ئەیمەن سەفەدی ھاوڕابوون لەسەر گرنگی تەواوکردنی ئەو پرۆژانەی کە لە نێوان عێراق، میسر و ئوردن لە بوارەکانی کارەبا و وزەی نوێبووەوە، پەیوەندییەکان، بازرگانی، پیشەسازی، گواستنەوە، تەندروستیی، پیشەسازییەکانی دەرمان، خانووبەرە، بیناسازی، رۆشنبیری، گەشتیاریی، گەنجان و وەرزش پێشنیازکراون، ھەروەھا باسیان لە پتەوترکردنی ھاریکارییەکانی نێوان ھەر سێ وڵات کردووە لە بوارەکانی ئەمنی و بەرگرییدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بەدواداچوون بۆ ئەنجامی دوایین لووتکەی سێقۆڵیی نێوان عێراق، میسر و ئوردن کراوە کە لە حوزەیرانی ٢٠٢١دا لە بەغدا بەڕێوەچوو.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیرانی دەرەوەی عێراق، میسر و ئوردن باسیان لە ڕەوشی ناوچەکە کردووە و لەمبارەیەوە جەختیان کردووەتەوە لە گرنگی بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا، ھەروەھا گفتوگۆیان کردووە لە بارەی پرسی فەڵەستین بەو پێیەی پرسێکی ناوەندییە لە چوارچێوەی گرنگییدان بە گەڕاندنەوەی مافە ڕەواکانی فەڵەستینییەکان.
وەک ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ھاتووە: "ھەروەھا لە میانی کۆبوونەوەکەدا ڕەوشی سووریا خراوەتە بەرباس و لەمبارەیەوە باس لەو ھەوڵانە کراوە کە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سووریا خراونەتەگەڕ".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، فوئاد حوسێن، سامح شوکری و ئەیمەن سەفەدی ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە ھەماھەنگی سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ لووتکەی سێقۆڵی کە بڕیارە لە ماوەکانی داھاتوودا لە قاھیرە بەڕێوەبچێت.