Seyit Aydoğan,Muhammet Ali Kemal
07 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2018
ئۆتاوا - AA
وەزیری دەرەوەی کەنەدا، کریستیا فریلاند نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دیپۆرتکردنەوەی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە لایەن سعوودیەوە، دەربڕی.
کریستیا فریلاند راگەیەندراوێکی سەبارەت بە گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان کەنەدا و سعوودیە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی باڵیۆزی کەنەدا لە لایەن سعوودیەوە دەردەبڕین. دڵتەنگی زۆرمان هەیە سەبارەت بەوەی سعوودیە لەبەرامبەر داکۆکییەکانی کەنەدا لەو چالاکوانانەی بواری مافەکانی مرۆڤ کە دەستگیرکراون، باڵیۆزەکەی ئێمەی لە وڵاتەکەی دەرکردووە".
وەزیری دەرەوەی کەنەدا، کریستیا فریلاند هەروەها رایگەیاندووە: "وڵاتەکەمان هەمیشە داکۆکیکاری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەنێویشیاندا مافەکانی ژنان و مافی ئازادیی رادەربڕین، لەسەرانسەری جیهاندا دەبێت. ئێمە دوودڵ نابین لە بەرز راگرتنی ئەو بەهایانە و پێمان وایە ئەمە دیالۆگێکی هەستیارە بۆ دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیی. باڵیۆزخانەی کەنەدا لە سعوودیە و کۆنسولخانەکەی لە ریاز، بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکانی و لەنێویشیدا پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان. کەنەدا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئەو ژن و پیاوە بوێرانەی کە لە سەرانسەری جیهاندا بەرگریی لە مافە بنەڕەتییەکان دەکات".