Muhammet Kurşun
18 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2021
تاران- AA
ئەمڕۆ ١٣مین هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران بەڕێوەدەچێت و بنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی بەیانییەوە کراونەتەوە و پڕۆسەی دەنگدان تا کاتژمێر ٢٤:٠٠ بەردەوام دەبێت و بە بڕیاری ناوەندی هەڵبژاردن دەتواندرێت ئەم ماوەیە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک درێژ بکرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ناوەندی هەڵبژاردنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران، لەکۆی نزیکەی ٨٣ ملیۆن هاووڵاتی ئێرانی، ٢٩ ملیۆن و ٩٨٠ هەزار و ٣٨ دەنگدەر لە رەگەزی نێر و ٢٩ ملیۆن و ٣٣٠ هەزار و ٢٦٩ دەنگدەر لە رەگەزی مێ مافی چوونە سەر سندوقەکانی هەڵبژاردنیان هەیە کە ئەمەش دەکات ٥٩ ملیۆن و ٣١٠ هەزار و ٣٠٧ دەنگدەر.
لە نیوەی ئەمشەویشەوە هەژمار کردنی دەنگەکان دەستپێدەکات و هەتا نیوەڕۆی سبەی ئەنجامەکان رادەگەیەندرێن.
لە کۆی حەوت کاندید کە کێبڕکێیان لەسەر بەدەستهێنای پۆستی سەرکۆماری ئێران دەکرد، هەریەکە لە کاندیدی بناژۆخوازەکان، پەرلەمانتار، عەلی رەزا زاکانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، سەعید جەلیلی و کاندیدی چاکسازیخوازەکان و یاریدەدەری پێشووی سەرکۆمار، موحسین میهرعەلیزادە لە کێبڕکێکە کشانەوە.
بەمشێوەیە رکابەرییەکە کەوتە نێوان فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، موحسین رەزایی، پەرلەمانتار، ئەمیر حسێن قازیزادە هاشمی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، ئیبراهیم رەئیسی لە بەرەی بناژۆخوازەکان و سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران، عەبدولناسڕ هیمەتی لە بەرەی چاکسازیخوازان.
بەپێی دەستووری ئێران، هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی سەرکۆمار ئەنجامدەدرێت و هەر سەرکۆمارێک تەنها دەتوانێت بۆ دوو خول هەڵبژێردرێتەوە، لەبەر ئەم هۆیەشە حەسەن رۆحانی جارێکی دیکە خۆی نەپاڵاوتەوە.
کاندیدی براوەی هەڵبژاردن پێویستە لایەنی کەم سەدا ٥٠+١ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئەگەر رێژەی دەنگەکانی هیچ کاندیدێکیش نەگەیشتە ئەو ئاستە ئەوا ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە بۆ خولی دووەم رکابەری دەکەن و هەر کامێکیان زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرکۆمار.
واش چاوەڕوان دەکرێت کە کاندیدی بنەماخوازەکان، ئیبراهیم رەئیسی ببێتە براوەی هەڵبژاردنەکان بەڵام بەگشتی گەلی ئێران بە ئایندەی دوای هەڵبژاردنەکان گەشبیننین.
گروپی راپرسی ئێران (GAMAAN) کە ناوەندەکەی لە وڵاتی هۆڵەندا-یە لە راپرسییەکدا کە لە نێوان ٨٠ هەزار ئێرانی تەمەن سەروو ١٩ ساڵدا ئەنجامیداوە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە نزیکەی سەدا ٧٥ی هاووڵاتییان ناچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، سەدا ١٨یان بەشداری پڕۆسەکە دەکەن و سەدا شەشیشیان تا ئێستا بڕیاریان نەداوە.