Barış Seçkin
29 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2022
ڤاتیکان-AA
رێبەری کاسۆلییکەکانی جیھان و سەرۆکی ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس رایگەیاند کە جەنگێک لە ئارادایە و هەڵەیە وا بزانرێت کە ئەمە تەنیا جەنگی نێوان دوو وڵاتە (رووسیا-ئۆکراینا)، بەڵکو ئەمە جەنگێکی جیهانییە.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتە هەواڵییەکانی نزیک لە ڤاتیکان، پاپا لە میانی سەردانەکەیدا بۆ کازاخستان لە ١٥ی ئەیلوولدا لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی عیسا (Jesus)یش کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، پاپا فرەنسیس لەم سەردانەدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و باسی لە جەنگی بەردەوامی رووسیا و ئۆکراینا کردووە.
فرەنسیس لەو بەیاننامەیەدا رایگەیاندووە "جەنگێک لە ئارادایە کە بەردەوامیی هەیە، من پێم وایە هەڵەیە وەک فیلمێک کە تێیدا دوو کارەکتەری باش و خراپ رۆڵ دەگێڕن، بیری لێبکەینەوە، هەروەها هەڵەیە بیر لەوە بکەینەوە کە ئەمە جەنگی نێوان دوو وڵاتە، بەڵکو ئەوە جەنگێکی جیهانییە".
رێبەری کاسۆلییکەکانی جیھان و سەرۆکی ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس ئاماژەی بەوەش دا، لەم قۆناغەی ئێستادا بیر لەوە ناکاتەوە سەردانی ئۆکراینا بکات.
پاپا فرەنسیس، هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەو کاتەی لە کازاخستان بووە، ژمارەیەک میوانی ئۆکراینی هاتوونەتە لای، یەکێکیان ئەو ئەفسەرە سەربازییە بووە کە بەرپرس بووە لە ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ئۆکراینا و لیستی ناوی ئەو ٣٠٠ کەسەی پێداوە کە بە دیل گیرابوون و پرسیاری کردووە کە ئایا دەتوانرێت شتێک بکرێت بۆ ئازادکرنیان. لەو بارەیەوە ناوبراو رایگەیاند کە خۆی ئەم بابەتەی گەیاندووەتە باڵیۆزی رووسیا.