Barış Seçkin,Rewa Mahmut Hasan
06 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2017
ڤاتیکان - AA
پاپای ڤاتیکان، فرانسیس نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل.
لە میانی گوتاری هەفتانەی خۆیدا لە رۆژانی چوارشەممە کە لە هۆڵی پاولوسی شەشەم دەیدات، پاپای ڤاتیکان باسی لە پلانی ئەمریکا کرد دەربارەی شاری قودس.
لە بەشی کۆتاییدا پاپا گوتی: "ئێستا بیری من لای قودسە. ناتوانم بێدەنگ بم بەرامبەر ئەو نیگەرانییە قوڵەی کە بە هۆی دوایین دۆخی سەرهەڵداوی ناوچەکە دروست بووە"، هاوکات پاپای ڤاتیکان بانگەوازیشی کرد کە بە پێی بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان رێز لە کیانی شارەکە بگیرێت.
پاپا ئاماژەی بەوەدا کە قودس بۆ موسڵمان و مەسیحی و یەهودییەکان شارێکی پیرۆزە، هاوکات پەرستگای ئەو سێ دینە لەم شوێنە هەیە، هەر بۆیە شوێنێکی تایبەتە لە رووی ئاشتییەوە.
لەم نێوەندەدا گوتەبێژی ڤاتیکان، گریگ بروک لە لێدوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی ئیتاڵی، ئاماژەی بەوەدا کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، پاپا لەسەر خواستی سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس پەیوەندیەکی تەلەفۆنی ئەنجام داوە.