Dmitri Chirciu
23 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2021
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند کە ناتۆ لەسەر بەڵێنی خۆی نەبوو بۆ پەلنەهاویشتنی بەرەو خۆرهەڵات و پێویستە دەستبەجێ گەرەنتی بدەن لەبارەی ئاسایشەوە.
ڤلادیمیر پوتین لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ساڵانەدا کە لە مۆسکۆی پایتەخت سازی کرد، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەگەری هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا کرد.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا دەتوانن گەرەنتی بدەن لەوەی هێرش نەکەنە سەر ئۆکراینا یان وڵاتێکی دیکەی خاوەن سەروەریی، یاخود ئەوە بەند دەبێت بە دانوستانەکانی نێوان رووسیا لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ لەبارەی گەرەنتی ئاسایشی هەمەجۆر؟ گوتی:
''کارەکانمان پشت بە ئاراستەی هێڵی دانوستانەکان نابەستێت، بەڵکو بەندە بە دابینکردنی بێ مەرجی ئاسایشی رووسیا لەمڕۆ و بەدرێژایی مێژوو. پەیوەست بەوەش بەباشی ئەوەمان روونکردۆتەوە کە پێشکەوتنی ناتۆ بۆ خۆرهەڵات قبوڵ ناکرێت. چی لەمەدا هەیە کە لێی تێنەگەن؟ ئایا ئەوە ئێمەین لە نزیک سنووری ئەمریکا مووشەک جێگیر دەکەین؟ نەخێر. ئەمریکا بە مووشەکەکانیەوە هاتووەتە ماڵمان. ئیدی ئەو مووشەکانە لە لێواری ماڵەکەمانە. ئایا داواکاری بۆ جێگیرنەکردنی مووشەکی هێرشبەر لە نزیک ماڵەکەمان ناڕەوا و ناپێویستە؟ چ شتێکی نایاسایی لێرەدا هەیە؟''
ڤلادیمیر پوتین گوتیشی: 'ئەگەر مووشەکەکانمان لە سنووری کەنەدا و ئەمریکا، ئەمریکا و مەکسیک جێگیر بکردایە ئەمریکا چ کاردانەوەیەکی دەبوو بۆ ئەوە؟ ئایا کێشەی خاک لەنێوان مەکسیک و ئەمریکا رووی نەدا؟ باشە، کالیفۆرنیا، تێکساس پێشتر سەربە کێ بوون؟ ئایا ئەوەتان بیرچوو؟''
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد بیریان نەچووەتەوە کە ئۆکراینا چۆن دروست بووە و گوتی: ''ڤلادیمیر لینین کاتێک یەکێتیی سۆڤیەتی دروست کرد، ئۆکرایناشی دروست کرد''.
ڤلادیمیر پوتین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو دانوستانەنی لەنێوان رووسیا لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ دەکرێن دەرەنجامەکانی گرنگە بۆیان نەک ئاراستەی هێڵەکەی و گوتی: ''ناتۆ لە نەوەدەکان (سەدەی بیستەم)دا، بەڵێنی پێداین کە بەرەو خۆرهەڵات پێشڕەوی نەکات''.
گوتیشی: ''بێ روویانە ئێمەیان فریودا. ئێستا ناتۆ پێنج جار فراوان بووە. ئێستا لە رۆمانیا و پۆڵەندا مووشەک جێگیر دەکرێت. ئێمە هەڕەشە لە کەس ناکەین. ئایا ئەوە ئێمەین چووینەتە سنووری ئەمریکا یان بەریتانیا؟ ئەوان هاتوون بۆ ئێمە. ئێستا دەڵێن ئۆکرایناش دەخەنە سەر ناتۆ. ئەو کاتە سیستمی هاوشێوە لە ئۆکرایناش دەبێت یان بنکە و سیستمەکانی هێرشکردن لە ئاستی دووانیدا لەوێ دەبن. ئێوە گەرەنتیتان لە ئێمە دەوێت. پێویستە ئێوە دەستبەجێ گەرەنتی بدەنە ئێمە''.