Muhammet Ali Kemal
29 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2017
مۆسکۆ- AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بەتەلەفۆن پەیوەندیی بەسەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپەوە کرد.
بەپێی ئەو روونکردنەوەیەی کە لەلایەن ناوەندی راگەیاندنی کرملینەوە بڵاوکراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتین لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیاندا هەردوولا خوازیاری ئەوەبوون کە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان ''بنیاتنەرانە، یەکسان و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بێت'' و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیی خۆیان بۆ هاریکاریکردنی یەکتر دەربڕیوە.
لەپاڵ ئەوەشدا تاوتوێی دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکراینا، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و پێشهاتەکانی کۆریایان کردووە و بەوردی قسەیان لەبارەی بابەتە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان کردووە. لە هەموو بابەتەکانیشدا کۆکبوون لەسەر درووستکردنی پەیوەندیی لەسەر بنەمای هاوبەشیی.
ترەمپ و پوتین سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، هاوڕابوون لەسەر درووستکردنی هەماهەنگییەکی راستەقینە.
لە روونکردنەوەکەی کرملیندا هاتووە "لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بەمەبەستی دیارییکردنی کات و شوێنی کۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان هەردوو سەرۆک".
کرملین جەختی لەوەکردووەتەوە یەکەمین پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان ترەمپ و پوتین بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچووە.