Abdullah Shukur
28 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2017
جنێڤ
نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی لە بڕیاری ھەڵپەساردنی وەرگرتنی پەنابەرانی سووری و گشت پەنابەرانی دیکە بۆ ماوەی چوار مانگ لە لایەن سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ گرت و بانگھێشتی ئەمریکای کرد کە دەرگای سنووری خۆی بەدەم ئەو کەسانە دانەخات کە لە شەڕ و پێکدادانەکانی وڵاتەکەیان ھەڵاتوون.
کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە دوای راگەیاندنی بڕیارنامەیەک لە لایەن کۆشکی سپییەوە لەبارەی رێککاری نوێی وەرگرتنی پەنابەران لە ئەمریکا، نووسراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێستا پەنابەران و کۆچبەران لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە و پشتیوانی لە پڕۆگرامی نیشتەجێکردنی پەنابەران لە ئەمریکا کرایەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا زیاتر ھاتووە:
"نەتەوە یەکگرتووەکان ھیوای ئەوە دەخوازێ کە ئەمریکا بەردەوام بێ لە رۆڵی خۆی لە پاراستنی ئەو کەسانەی کە لە شەڕ و پێکدادانەکان ھەڵاتوون".
لە راگەیەنراوەکەدا زیاتر ھاتووە کە نابێت پەنابەران لەسەر بنەمای ئاین، نەتەوە و رەگەزھەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت.
ترەمپ رایگەیاندبوو کە ئەو پێشینە بە وەرگرتنی ئەو کریستیانانە دەدات کە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە روو لە وڵاتەکەی دەکەن.