Bayram Altuğ,Selen Temizer
30 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2019
جنێڤ - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ لەگەڵ هاوتا ئێرانی و تورکەکەیدا وەستانەوەی خۆیان دژی رۆژەڤی جوداخوازی لە خاکی سووریا دووپاتکردەوە.
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی پێشوەختەی لیژنەی داڕشتنەوەی دەستوور کە لە شاری جنێڤی سویسرا بەڕێوەدەچێت بە بەشداری هەر سێ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، رووسیا، ئێران کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا و دوای کۆبوونەوەکەش لاڤرۆڤ لەگەڵ هاوتا تورکی، ئێرانیەکەیدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەیی رێکخست.
لاڤرۆڤ رایگەیاند ''بەپێی گفتوگۆ هاوبەشەکەمان، ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە، بەڵام لەوە گرنگتر سەرکەوتنێکی هاوبەشە بۆ گەل و میللەتی سووریا".
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئاشکرایە لیژنەی داڕشتنەوەی دەستوور بەتەنها ناتوانێت رووبەڕووی هەموو کێشەکان ببێتەوە و جەختیکردەوە کە لە پرسە مرۆییەکاندا هەنگاوی هاوتەریب بنرێن.
لاڤرۆڤ جەختیکردەوە لەوەی کە ئەو هەنگاوانەی لە سووریا دەنرێن بەبێ ئەنجامدانی جوداخوازی و هیچ جۆرە مەرجێکی پێشوەختە، بەرجەستە بکرێن و گوتی: ''دەبێت هەموو هەلومەرجەکانی گەڕانەوەی پەنابەران و ئەو کەسانەی لە ماڵ و حاڵی خۆیان بوون لە ناوخۆی وڵاتدا، بۆسەر زێدی خۆیان دروست بکرێن''.
لاڤرۆڤ دووپاتیکردەوە کە راگەیەندراوی هاوبەشی تورکیا، رووسیاو ئێران جەختی کردۆتەوە لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەربەخۆیی تەواوی و دەڵێت ''جگە لەوە جەختمان کردۆتەوە لەوەی بە هیچ شێوەیەک هاوسۆزی نیشان نادەین بەرامبەر پرسی جوداخوازی لە خاکی سووریادا''.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران جەواد زەریف ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەی لیژنەی داڕشتنەوەی دەستووری سووریا لە جنێڤ، سەرەتای قۆناغێکی سەختە و دووپاتیکردەوە کە دەبێت لیژنەکە تەنها تایبەت نەبێت بەسوورییەکان و لە لایەن ئەوانەوە ئاراستە بکرێن و جەختیکردەوە لەوە کە دەبێت دەستوورە لە لایەن هەموو گەلی سووریاوە قبوڵ بکرێت.